ڕیفراندۆم و لۆجیکی لەدەستدان

بینەر: (15)

ڕیفراندۆم بە گەواهی نەیارانیش، سیمبولی ئیرادە و “نا”گوتنێکی بەهێز بوو بۆ دەیان ساڵ چەوسانەوە و ژێردەستەیی، لە هەر گۆشەیەکەوە چاوی لێ بکەین، ئەگەر ڕەخنەگرانەیش باسی پێشهاتەکان بکەین، تەنانەت ئەگەر لاریشمان لە لاوازی و بۆشاییەکان نەبێت، دیسان ئەو ڕاستییە بۆ مێژوو ماوەتەوە و کەس ناتوانێت نکۆڵیی لێ بکات. بەم حاڵەیشەوە هەندێک کەس دەبینم لەم ساڵوەگەڕە مەزنەدا باسی لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان دەکەن و گوایە بەڵگەیە بۆ هەڵەیی ڕیفراندۆم.

چەواشەکاریی لایەن و مێشکە دژە کوردستانییەکان لێرەدایە، ئەوان پێوەندییەکی هۆکارێتیی لە نێوان ڕیفراندۆم و هێرشکردنە سەر خاکی کوردستان دادەنێن، وەک بڵێی ئەم پێوەندییە هۆکارێتییە کە ڕیفراندۆم تێیدا هۆی سەرەکیی دەستنیشان کراوە و لە کیسدانی خاکیش وەک بەرکارەکەی، لەمێژە هەر نەبووە. ئەم پێوەندییە هۆکارێتییە ڕاستە، بەڵام خاڵ و هۆ سەرەکییەکەی ڕیفراندۆم نییە، ئەمە ئەو چەواشەکاری و سەفسەتەیەیە کە لایەنی دژەکوردی خۆخۆر باسی لێوە دەکەن. هۆکارێتیی لە مێژە بەرانبەر کورد و دۆزەکەی ئیش دەکات و ڕیفراندۆمیش نەبوایە لە شوێنێکی ترەوە ئەم دڕندەییەیان وەدەردەخست.

باشە خۆ لە هەشتاکاندا ئێمە نە باسی ڕیفراندۆممان کردووە و نە باسی سەربەخۆیی، هێندەی باسی مافی دیاریکردنی چارەنووسمان دەکرد لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەی بۆچی کیمیاباران کراین؟ بۆچی ڕاگوێزراین و کانییەکان وشک کران؟ بۆچی ئەنفال کراین؟ بەم هەڵوەستە سادەیە تڕکەڵەکبوونی ئەو تێروانینە بەناو واقیعبینانەی هەندێک لە خۆنامۆکراو و لە کوردخراومان بۆ دەردەکەوێت. لە دیدی ئەواندا و لە لۆجیکەکەیاندا شۆڕش و ڕاپەڕینی کوردستانیش دەبوو نەکرایە، چونکە دەبووە هۆی شەڕ و ڕاگواستن و قوربانیدان، واتە ئەم لۆجیکە دەڵێت، بۆ خۆت دانیشە و هیچ مەکە، بەڵکوو فریادڕەسێک لە ئاسمانەوە یان ژێرزەوییەوە بێت و فریا بکەوێت! کام ڕوانگە هەیە بەم ڕادەیە تڕۆ و سووک بێت و بەشێوەیەکی حەماسی و بە متمانەبەخۆبوونێکی سەیر و سەمەرەوە بەرگریش لە خۆی بکات؟

نەگبەتیی ئێمە ئەوەیە، پوازی وامان تێدەکەوێ بەناوی چەپ و ئینتەرناسیونالی دۆڕاو و بەسەرچووەوە، گەرەکیانە بڕیار لە ئیرادەی گەلێک بدەن کە لەناو واقیع و کارەسات و شۆڕشدا قاڵ بووە. یەکێک لەو خەسارانەی بەر ئێمە کەوتووە، تەشەنەکردنی ئەم ڕوانگەیەیە، ئەویش لە سایەی سەری ئازادی و دیموکراسییەکە حکوومەتی کوردستان بەدیهێناوە. لە هەموو مێژووی ئێران و تووراندا یەک بەشەر نادۆزیتەوە دژی سەربەخۆیی وڵاتەکەی بێتە گۆ، بە چەپ و ڕاست و پیاوماقوڵ و بۆرەپیاویانەوە، کەچی لەناو ئێمەدا دەمشڕ و بێدەماغ شەو و ڕۆژ بەو تەکنیکە سەفسەتەئامێزەوە مێشکی بەشێک لە کۆمەڵگە دەشۆرنەوە.

بە ڕاستی ئێمە وەک کورد، بە دنیایەک برین و قوربانیدانەوە چۆن دەتوانین وەها نابەرپرسانە و دەمارگرژانە بیر لە دۆزی خۆمان و ئیرادەی دیرۆکیی میلەتەکەمان بکەینەوە؟ پێم وایە ئەم خواستە دژەکوردستانییە لەناو کورددا چەند هۆکارێکی هەبێت:

یەکەم، ئایدۆلۆجیای چەپی ئاپۆچی و بەناو دژەکاپیتاڵیزم کە لەگەڵ هیچ دیاردەیەکی جیهاندا کۆک نییە، جگە لەو شتانەی یەک کەس لە زیندانێکی تاکەکەسییەوە بڕیاری لەسەر دەدات. ئەم ئایدۆلۆجیایە بەشێوەیەکی سەیر و بەهێز هەندێ پێوەندیی مێدیایی و تۆڕی گەورە و بەرفراوان بەکار دەهێنێت تا کورد لەم خەونە ببێزێنێت و وەک هەڵەیەکی گەورە و کوشندە بیهێنێتە بەر چاوی. هەڵبەت بەو میتۆدە سەفسەتەئامێزەی لە سەرەوە باسم کرد کە ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو تڕۆبوون و دەستکەشفبوون دەڕۆن.

دووەم، دەمارگرژیی سیاسی یان حزبی، دژبەرانی ڕیفراندۆم لەم دەستەیەدا یان ئەو بەناو ئۆپۆزسیۆنانەن کە ڕۆڵ و پێگەیەکی وەهمی بۆ خۆیان لە پرۆسەکە داوا کرد و پێی نەگەیشتن، یا بەهۆی ئەوەی گوایە ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆیان بسەلمێنن، ئەوە دەکەن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا تا بینەقاقا لە قوڕ نیشتن، چونکە ئێستە بوێریی و کەرامەتی ئەوەیان نییە بڵێن هەڵەمان کرد، بۆیە هەر هەمان قسە دەڵێنەوە.

سێبەم: ئەو کوردانەن شوناسێکی پێناسەکراویان نییە و وا دەزانن ژیان و هەناسەکێشان و پێڵاو و پەرداخەکانیشیان دەبێت لەلایەن حکوومەتی کوردییەوە بەبێ هیچ گرێوگۆڵێک دابین بکرێت و ببرێتە بەر دەرگا و بڵێن فەرموو! بە دڵنیاییەوە هەموو حکوومەتێک و لە سەرووی هەموویانەوە حکوومەتێکی کوردی سەربەخۆ یان فیدراڵ دەبێت قەدری قوربانیدان و خەباتی خەڵکەکەی بگرێت، تانەی من لەو بیانوو و پاساوەیە کە هەموو شتەکان دەبەستێتەوە بە حکوومەت و دەسەڵاتی کوردییەوە، ئاخر بۆ بیر نەکەینەوە لەوەی کە سەدەیەک زیاتر نەوت و موڵک و سامانی ئەم میلەتە لەلایەن دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە دەدۆشرێت و دەفرۆشێت و دەیکەن بە چەک و دژی خۆمان بەکاری دەهێنن، ئەمە بۆ تورکیا و ئێران و سوریایش هەر ڕاستە. ئینجا ئەگەر لە کوردستان فەرمانبەرێک ئیشەکەی خراو ڕاپەڕێنێت و هاووڵاتییەک گلەیی لێ بكات، دەبێت ئێمە بگەین بەم ئەنجامە کە ڕیفراندۆم هەڵە بووە و دەوڵەتی کوردی موزایەدەیە و کورد نەتەوە نییە!

زۆر لایەن و هۆی دیکە هەن دەکرێت باسیان لێوە بکرێ، بەڵام ئەمانە سەرەکین و ئێمە چ وەک ڕۆژنامەنووس و میدیاکار، چ وەک لایەنی حوکمڕانی و دەسەڵات، بە هیچ شێوەیەک نابێت لێیانگەڕێین، واتە دەبێت وشیاریان بکەینەوە لەسەر ئەو ڕوانگە نادروست و لێڵەی بۆیان دروست کراوە و تێی کەوتوون.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *