وەزیری بەرگریی ئەمەریکا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی ئێران دەکات

بینەر: (1.0K)

ئەمڕۆ دووشەم 24ی ئابی 2026، پیت هێگسێت وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە گەرووی هورمز و ناوخۆی ئێران کرد و دووپاتی کردەوە کە ئابووریی تاران لە داڕماندایە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی “ئۆپراسیۆنی خنکاندنی ئابووری” لەلایەن واشنتنەوە، لە بەرانبەریشدا ئێران هۆشداری دەداتە هەر وڵاتێک کە بنکەکانی بۆ هێرشکردنە سەر تاران بەکار بهێنرێت و ڕای گەیاندووە کە سەرچاوەی هێرشەکان دەکەنە ئامانج.

لە لێدوانێکدا، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاماژەی بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی کرد لە گەرووی هورمز یان هەر شوێنێکی تر، کە مەبەست لێی خاکی ئێران بوو. هێگسێت گوتی، “دەزانین کە ئێران ناتوانێت بەرگەی گوشارەکان بگرێت و ئابوورییەکەی لە داڕمانێکی خێرادایە”. هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئێران بەباشی دەزانێت ئەمەریکا کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە و گەمارۆکەیان بە هیچ شێوەیەک تێکناشکێنرێت، لە کاتێکدا نەوت بە بەردەوامی لە گەرووەکەدا دەگوازرێتەوە.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو وڵاتە، دەستپێکردنی “ئۆپراسیۆنی خنکاندنی ئابووری” دژی ئێران ڕاگەیاند. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمە هەڵمەتێکی بێپێشینەیە و تەواوی دامەزراوەکانی حكوومەتی ئەمەریکا دەگرێتەوە، ئامانج لێیشی ئێران و ئەو لایەنانەن کە پاڵپشتیی دەکەن و کارئاسانیی بۆ دەکەن.

لەلایەکی ترەوە، پێشتر هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی سەرچاوەی هەر کارێکی دوژمنکارانە دەکاتە ئامانج کە دژیان ئەنجام بدرێت. هاوکات هۆشداریی دایە ئەو وڵاتانەی کە خاک و بنکەکانیان دەخەنە بەردەست ئەو هێزانەی هێرش دەکەنە سەر ئێران و ئاماژەی بەوە دا کە پەنا بۆ هاوپەیمانەکانیان دەبەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *