له ماوه‌ى 103 ساڵ رۆژنامه‌ى وه‌قائیع هه‌ڵه‌ى نه‌كردووه
سوودانى له‌ژێر گوشارى میلیشیاكان رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى به “هه‌ڵه” داناوه
عه‌لى فازڵ (نووسه‌ر): نه‌نگییه سوودانى تانه له وه‌قائیع بدات
نزار حه‌یده‌ر: تا ئێسته نزیكه‌ى نۆ هه‌زار ژماره‌ى وه‌قائیع بێ هه‌ڵه ده‌رچووه
دوێنێ پێنجشه‌م چوارى كانوونى یه‌كه‌م له رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى عێراقى بڕیارێكى لیژنه‌ى سڕكردنى دارایى تیرۆریستان، كه لیژنه‌یه‌كى سه‌ر به بانكى ناوه‌ندى عێراقه بڵاوكرایه‌وه. له بڕیاره‌كه حزبوڵاى لبنانى و حووسییه‌كانى یه‌مه‌ن خراونه‌ته لیستى تیرۆره‌وه، كه‌چى هه‌ر زوو لیژنه‌كه‌ى بانكى ناوه‌ندى و دواتر محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆكى كاربه‌ڕێكه‌رى حكوومه‌تى عێراق روونكردنه‌وه‌یان دا و گووتیان “هه‌ڵه” كراوه و ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ى هه‌ڵه‌كه‌یان كردووه سزا بدرێن.
نزار حه‌یده‌ر نووسه‌ر و سه‌رۆكى رێكخراوى راگه‌یاندنى عێراقى له ئه‌مه‌ریكا، له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ده‌ڵێ، “رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى عێراقى له ساڵى 1922 له مانگى ئاب ده‌رچووه، له سه‌رده‌مى پاشایه‌تى 4168 ژماره‌ى لێ ده‌رچووه. دواتر له سه‌رده‌مى كۆمارى له ژماره یه‌كه‌وه ده‌ستى پێ كردووه‌ته‌وه و تا ئێسته 4850 ژماره‌ى لێ ده‌رچووه، له ماوه‌ى 103 ساڵى رابردوو ئه‌و رۆژنامه‌یه هه‌ڵه‌ى نه‌كردووه، ئه‌ى بۆ ئێسته هه‌ڵه‌ى كردووه؟”.
عه‌لى فازڵ كه نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه له ده‌ره‌وه‌ى عێراق ده‌ژیت ئه‌ویش سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته داوه و ده‌ڵێ، “سه‌ره‌تا له رووى ده‌ستوورییه‌وه ده‌بێت پێناسه‌ى رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى عێراقى بكه‌ین، ئه‌و رۆژنامه‌یه تۆمارى فه‌رمى ده‌وڵه‌تى عێراقه و هه‌ر بڕیارێك و یاسایه‌ك بڵاو ده‌بێته‌وه، ئه‌وا یه‌كسه‌ر دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌خرێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه”.
عه‌لى فازڵ له پێناسه‌كردنى ئه‌و رۆژنامه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ، “هیچ بڕگه‌یه‌كى لانادرێت و ره‌ت ناكرێته‌وه، ته‌نیا به رێكاریى یاسایى تر نه‌بێت یان ده‌سه‌ڵاتێكى یاسایى به رێكاریى تایبه‌ت ئه‌و بڕیاره ده‌دات. بۆیه بڕیارى سڕكردنى پاره‌ى حووسییه‌كان و حزبوڵا ده‌خرێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه و ناكرێت له ڕووى یاساییه‌وه لێى پاشگه‌ز ببنه‌وه”.
به بڕواى عه‌لى فازڵ بڕیارى پاشگه‌زبوونه‌وه له لایه‌ن لیژنه‌كه‌ى بانكى ناوه‌ندى و سوودانى ته‌نیا بۆ هێوركردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌یه ئه‌گینا له‌ڕووى یاساییه‌وه بایه‌خێكى ئه‌وتۆى نییه و راست نییه. ئه‌و نووسه‌ره پێیوایه سوودانى له‌ژێر فشار رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى به هه‌ڵه داناوه. له‌وانه‌یه عه‌سائیب و میلیشاكان گوشاریان خستووه‌ته سه‌ر.
















Leave a Reply