مەدا: سێ‌ هەزار پلەتایبەت سەربە میلیشیاكانن

بینەر: (62)

رۆژنامەی مەدای عێراقی ئاشكرای دەكات، ئەگەر ئەمەریكا مكوڕ بێت لەسەر دوورخستنەوەی میلیشیاكان لە دەوڵەتی عێراق، ئەوا سێ‌ هەزار كەس كە پلەی تایبەتیان لە حكوومەت هەیە و سەربە میلیشیاكانن دوور دەخرێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 25ی ئایار، رۆژنامەی مەدا ئاشكرای كردووە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەیامی لە رێگەی جەنەراڵ دیڤید پەترایۆس ناردووەتە ئەمەریكا، بۆ ئەوەی سێ‌ مانگ لەسەر میلیشیاكان بوەستن و چاودێریی باشتربوونی میلیشیاكان بكەن، چونكە وەك لە میدیای عێراقی بڵاوی كردووەتەوە، هەندێك لە میلیشیاكان بۆ چەكدانان و گۆڕانكاری لە هەڵسوكەوتیان نەرمییان نواندووە. بەڵام ئەگەر ئەمە نەكرا، ئەوا سێ‌ هەزار پلەتایبەت دەكەونە ژێر هەڕەشەی دوورخستنەوە لە كاری حكوومەت.

لەبارەی هاتنی پەترایۆس بۆ عێراق زانیاری ئەوە بڵاو كراوەتەوە، پەترایۆس بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان سەردانی عێراقی كردووە و كەسیش بە سەردانەكەی نەزانیوە، تەنیا رۆژێك پێش گەیشتنی، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێوەندی لەگەڵ كردووە.

میلیشیاكانی عێراق كە بەوە وەسف دەكرێن سەربە ئێرانن، لە چەندان دۆسیە تۆمەتبار دەكرێن، لەوانە هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە، هێرشكردنە سەر شاندە دیپلۆماسییەكانی عێراق، هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان، بە ئامانجگرتنی دامەزراوە گرنگەكانی عێراق و سەپاندنی هەژموونی چەكداریی ئێران بەسەر عێراق، كەمكردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *