شەڕی نێوان ڕووناکی و تاریکی

بینەر: (102)

بە درێژایی مێژوو میلەتی کورد ئەوەی سەلماندووە چەند بە کەرامەت و مرڤدۆست و ڕەوشتبەرزە، ئەم تایبەتمەندییە وایکردووە لە هەموو چرکەساتەکانی ژیاندا ژیاندۆستی و ژیاندۆستی بکەن بە ئامانجی سەرەکی و ساتێک وازی لێ نەهێنن. ئەم تایبەتمەندییە ڕەگوڕیشەی قووڵی لەناو کورد و کولتوورەکەیدا لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا هەیە.

گەلی کورد لە باشووری کوردستان ڕەنگە زیاتر لە هەموو پارچەکانی تر کەوتبێتە بەر شاڵاوی سڕینەوە و پاکتاوکردن و لە هەمانکاتیشدا گەورەترین بەرخۆدان و شەڕی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆی کردووە، بە تەواوی نەگەیشتووە، بەڵام باش توانیویەتی ئازادیی بەشێک لە خاک و کیانی خۆی مسۆگەر بکات و ببێت بە کۆشکی هیوای هەموو کوردی پارچەکانی دیکە.

لە پاش ڕاپەڕینەوە تا ئێستە، کورد ڕووبەڕووی دەیان و سەتان کێشە بووەتەوە، بەڵام هەر کۆڵی نەداوە و ئەزموونی حوکمڕانی و ناسنامەسازیی و پێشکەوتنی خۆی هێناوە. لە دوای 2003 و ڕووخانی ڕژێمی سەدام (هەندێک بە پرۆسەی ئازادی عێراق ناوی دەبەن، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا ڕووخاندنی ڕژێمێکی دڕندە و هاتنەسەری تاقمێکی عروبەی دیکە!) هەمووان هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنی کە کورد بەرەو وێستگەی ڕزگاریی یەکجاری لەناو سیستمێکی فیدراڵیدا و لە چوارچێوەی عێراقێکی ئازاددا هەنگاو هەڵدەگرێت.

ڕاستییەكەی کورد خۆی ئەم هەنگاوەی هەڵگرت، ڕۆڵی دانەرانە و کارامەی لە نووسینی دەستووری نوێی عێراقدا بەپێی ئیلتزاماتی سیاسی و مێژوویی و واقیعیی عێراق، بەشێوەیەکی دیموکراسییانە گێڕا، بەڵام ئەوەی دواتر عەرەب کردی، جگە لە ناپاکی و نمەکحەرامی شتێکی دیکە نەبوو.

ڕەنگە ئەمەریکا و ڕۆژئاوا تازە وردە وردە تێبگەن کە لە خەمڵاندنی پلانەکانیاندا بۆ عێراق تووشی چ هەڵەیەک بوون، ئەوان لایەنی کولتووریی عرووبە و دروستکردنی ژێرخانێکی قایم لە کولتووری داگیرکاری و بەعسیزم کە دژی هەر جۆرە سازان و پێکەوەژیانێک بوو، لەبەرچاو نەگرتبوو، ئەوان نە مێژووی شمشێریان لەبەرچاو گرتبوو، نە جیۆگرافیای بیابان و زاکیرەی عەرعەر! هەربۆیە ماوەیەک پێش ئێستە تۆم باراک وتی ڕۆژهەڵات لە کۆمەڵێک خێڵ و عەشیرەتی بچووک بچووک پێک هاتووە و بە کەڵکی دەوڵەت نایەن. پوختەی قسەکەی دەلالەت بوو لەو بەئاگاهاتنە درەنگوەختەی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بۆ کۆی پێکهاتەی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەم تێگەیشتنە نوێیە درز و کەلێنی تێدا نییە؟ ئایا ئەمەریکا و ڕۆژئاوا درکیان بەوە کردووە کە تاقە هاوپەیمان و دۆستی ڕاستەقینەیان کە باوەڕی بە بنەماکانی پێکەوەژیان و مومارەسەی دیموکراسی و ئارامی و ئاسایش هەیە لە ناوچەکەدا، کوردە؟ یان نا هەر بە ڕاستی کولتووری مێژوویی و سیاسیی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا مەکینەی کاپیتاڵیزم و بەرژەوەندیی دەیسووڕێنێت و دۆلار و نەوتی ئیمارات و سعوودیە لە سەرووی هەر جۆرە بڕیارێکی مێژوویی دروست و مرۆییەوەن؟ هەمووان شاهیدی ئەوەن کە کوردستان لەناو ئەنفال و کیمیاباران و پاکتاوکردنی عرووبەوە وەک قەقنەس لە خۆڵەمێشی جەستە و ڕۆحی خۆی هەستایەوە و هیوای دواڕۆژی دروست کرد.

ئەم هیوایە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەموو بەربەستە نەبەزێنراوەکانی بەزاند و لە ڕێگەی بەرخۆدان و ژیری و کارامەیی سەرۆک وەزیرانەوە، هەنگاوی مەزن و بێ وێنەی بۆ سەربەخۆیی ئابووریی هەڵهێنا و لە ڕووی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییەوە عێراقێکی دەوڵەمەند بە پارەی نەوت و گەندەڵی و دزی و فزی، تێپەڕاند. دوای بڕینی مووچە و دروستکردنی دنیایەک گوشار لە بەغداوە بۆ سەر هەرێم، دوای خستنەگەڕی هەموو هەوڵێک بۆ تۆراندنی خەڵک و حکوومەت لە یەک، کەس بڕوای نەدەکرد ئەم سەرۆک وەزیرانە بە گیانی بەرپرسیارێتی و خاوەندارانەوە لەوپەڕی قەیرانی ڕاگرتنی نەوت و هەموو لەمپەرەکاندا، بنەمای ئابووریی نانەوتی دامەزرێنیت و لە ماوەی کەمتر لە چەند ساڵ لە بواری کشتوکاڵ و هەناردە و دامەزراندن و بووژانەوەی کەرتە جیاوازەکان، بە تایبەتی کەرتی پیشەسازی، دەروازەی داهاتوویەکی گەش و خۆش بۆ کوردستان بکاتەوە.

هەر لە ماوەی چەند مانگی پێشوودا چەندان پرۆژەی گەورەی ئاو و ڕێگەوبان و کارەبا تەواو بوون کە لە عێراقدا شتی وا خەون بووە. بە تایبەتی دوای پراکتیزەکردنی پرۆژی ڕووناکی و کارەبای 24 سەعاتی، باوەڕی یار و نەیار بە سەرکەوتن و هیوا گەشەکانی سەرۆکی حکوومەت دە قات زیادی کرد، کارەبا کێشەیەکی سەرەکی بوو کە ئەم کابینەیە بۆ یەکلاکردنەوەی هەمیشەیی هەنگاوێکی بچووکی مابوو، بەڵام خواستی فاشییەت و تۆقین لە پێشکەوتنی کورد لە عێراق، ڕۆحی ئەنفالچیانەی عروبە و میلیشاکانی هێناوەتە لەرزە و وەک سەگی هار پەلاماری کیان و ژێرخانە ژیاری و مەدەنییەکانی کوردستان دەدەن.

ئەم هێرشەی سەر کۆرمۆر هێرشە بۆ ئەو ڕۆحیەتە لەمێژینەی کورد بۆ پێشکەوتن و ژیار و خۆشگوزەرانی و ژیان کە جیقلدانی گەنیو و بچووکی نەیارانی کورد قبووڵی ناکات، هێرشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی کورد، نەک هەر لە عێراق، بەڵکوو لە هەموو پارچەکان، دوای ئەو هێرشە هەموو کوردانی پارچەکان بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و بە ئاخ و داخەوە، هێرشەکەیان ڕسوا کرد و ڕۆحی تەبایی و یەکبوونیان دووپات کردەوە.

بە دڵنیاییەوە ئەوندەی لە سەرۆک وەزیرانمان دیوە ئەمانە کاری تێ ناکات و زیاتر مکوڕی دەکات بۆ پێشخستنی پرۆژەکان و ئاوەدانی لە کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بە ڕاستی دەبێت بیرێکی یەکلاکەرەوە بکرێتەوە، چونکە پەپوولەیەکی ئاشق بە ڕووناکی ناتوانێ لەگەڵ شەمشەمەکوێرەی تاریکپەرست پێکەوە بژین؟ کوردی ژیاردۆست چۆن لەگەڵ عەرەبی فاشی و وێرانەخوازدا هەڵبکەن؟.

هیوامە سەربەخۆیی وەک کارتێکی یەکلاکەرەوە درەنگ یان زوو لەم یارییەدا بە کار بهێنرێت و چارەنووسیی خاک، جیۆگرافیا و کیانی کوردی بە تەواوەتی یەکلا ببێتەوە و هیچ جۆرە پێوەندییەکی ناچارەکیشی بە عەرەب و عێراقەوە نەمێنێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *