شێرپەنجە و سواڵی دەنگ

بینەر: (8)

شێرپەنجە بەداخەوە یەكێكە لەو نەخۆشییە كوشندانەی، تا ئێستە وێرای هەموو پێشكەوتنێكی ژیاریی و تەندروستی، نەتوانراوە چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە، بۆیە ئەم نەخۆشییە كۆنترۆٍل دەكرێت، بەڵام چارەسەر ناكرێت. لەوەیشدا پزیشك تا ئاستێك ڕاشكاو نین لەبارەی ئەم نەخۆشییەوە كە زۆرجار هیوای فریودەرانە بە نەخۆش دەدەن، بۆیە ئەم نەخۆشییە لە ڕوانگەی خەڵكییەوە یەكسانە بە مردن. لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا، پوورێك و كوڕەپوورێكم كە كوڕی پوورەكەم بوو، بە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایپیان كرد، ئەوان تا ڕادەیەكی زۆر ئاسایی بووبوونەوە، ژیانی خۆیان دەگوزەراند، كەچی بێ ئەوەی هەستی پێ بكەن، لەناوەوە شێرپەنجە وەك مۆرانە دەیخواردن.

كوشندەیی ئەم نەخۆشییە وایكردووە لە هەر سووچێكی ئەم دنیایەدا كەسێك تووشی بێت، مرۆڤ بۆی پەرێشان و نیگەران، هاوسۆز و هاوخەم دەبێت، چونكە ئەمە ئەركێكی مرۆیی و ئەخڵاقی و پەروەردەییە و مرۆڤەكان بە سۆز و خۆشەویستی و بەزەیی و میهرەبانی دەناسرێنەوە، نەك تەنیا بە ناسنامەی مرۆڤبوون. لەو سۆنگەیەوە، كەسمان لاریمان لەوە نییە كە وەك هەر مرۆڤێكی دیكە، پەرۆش و نیگەرانی نەخۆشییەكەی خێزانی شاسوار بین، بەڵام پرسیار ئەوەیە، بۆچی لەم تەوقیتەدا شاسوار وێنەی ژنەكەی بڵاو دەكاتەوە؟ ئایا تەنیا هاوسەری ئەو شێرپەنجەیەتی یا نەخۆشخانەكانی هیوا و نانەكەلی پڕن لە نەخۆش، بێ ئەوەی سواڵی سۆز بكەن و لە ڕێی وێنەوە لایك و كۆمێنت كۆ بكەنەوە؟

ئەم وێنەیە، كاردانەوەی بە ئاراستەی هاوسۆزی لێ كەوتەوە، بەڵام مرۆڤ دەبێ بە ئەقڵ بیر بكاتەوە نەك دڵ و سۆز، بۆیە دەبێ ئەو پرسیارە بكەین، مەغزا شاراوەكانی پشت ئەو وێنەیەی شاسوار چین؟ بێگومان ڕوونە نەوەی نوێ و جووڵانەوەكەی، ئێستە لە خراپترین بارودۆخی سیاسی و جەماوەریدان، بەهۆی ڕێكەوتنەكە، بۆیە پێگەی جەماوەری نەوە و شاسوار لە دابەزینێكی خراپ و خێرادایە، ئەمەیش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاریگەریی نەرێنی لەسەر دەنگەكانی ئەم بەناو حزبە دەبێت!

لەو سۆنگەیەوە، شاسوار وەك ئەو مرۆڤەی كەوتووەتە ناو ڕووبارێك و دەست بۆ پووشیش دەبات تا نەخنكێ، بۆیە بە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنە، دەیەوێت ختووكەی سۆزی خەڵكی سادە و ساویلكە بدات و فریویان بدات و لایك و كۆمێنت و سواڵی دەنگ بكات. بە داخەوە ئەمیش لە ڕێگەی بە كەرستەكردن و بە پروپاگەندەكردنی نەخۆشی خێزانەكەییەوە. دەیەوێت بە پێشاندانی وێنەی نەخۆشی خێزانەكەی كە ئەمە پێشێلكردنی مافی نەخۆش و خێزانەكەیەتی، خۆی بێنێتەوە ناو پێگە جەماوەرییەكە و دەنگ كۆ بكاتەوە، كارێكی لەو شێوەیە، تازە نەك درەنگە، بەڵكو قازانج سەری مایە دەخوات.

لە كوردستان، ڕۆژانە لە تەمەن و خەڵكی جیاوازدا تووشی شێرپەنجە دەبن، ئەمانیش ئازاریان هەیە، پرچیان دەڕووتێتەوە، چارەسەری كیمیایی هێزی لێ بڕیون، كەچی خۆیان ناكەنە كەرەستەی میدیایی، بۆیە هیچ جیاوازییەك لە نێوان ئەم ئافرەتە و ئەوانیتردا نییە و هەردووكیان بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن.

مرۆڤ دەبێت هاوسۆز بێت لەسەر بنەمای مرۆیی، نەك سیاسی و ئایدۆلۆجی و مەرامی كەسی، چونكە هیچ گومانم نییە لە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنەیەدا شاسوار لە پاڵ هاوسۆزیی مرۆیی، مەرامی دیكەی سیاسی و جەماوەری هەیە، مەبەستیەتی پارسەنگی لاری خۆی ڕاست بكاتەوە، بەڵام ئەو خۆی كارتی خۆی سووتاند و لاوازییەكەی و خۆبەدەستەوەدانی پێوەندی بە هاوسەرییەوە نییە، هەتا بە وێنەی ئەو قەرەبووی بكاتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *