هەفتەی رابردوو كتوپڕ دۆخەكە لەناو ماڵی شیعە گۆڕا و ناكۆكی و ململانێكانیان وەلا نا و بە كۆی دەنگی چوارچێوەی هاوئاهەنگی عەلی زەیدی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران راگەیەندرا و راستەوخۆ هاتە راسپاردن، دوای ئەوە دەستی بە دانوستان لەگەڵ هێزە سیاسییەكان كرد و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەیەكی كورتدا كابینە و بەرنامەی حكوومەتەكەی لە پەرلەمان بخاتە روو، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە سوننە لە 24 سەعاتی داهاتوو ناوی وەزیرەكانیان رادەست دەكەن.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار لێكگەیشتنی ناوماڵی سوننە سەبارەت بە پۆستەكانیان لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و بڕیارە لیستی ناوی كاندیدەكانیان بۆ وەزارەتەكان تایبەت بە سوننە لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوو بدەن بە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، بۆ تەواوكردنی كابینەكەی و خستنەرووی لە پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە.
ئەمڕۆ دووشەم ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی، كە زۆرینەی هێزە سیاسییە سوننەكانی لەخۆ گرتووە، دووپاتی كردەوە كە ئامادەن بۆ بەشداریكردن لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كابینە و بەرنامەی حكوومەتی عەلی زەیدی، ئەوەش لە میانی سەردانیكردنی شاندێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ لای ئەنجوومەنەكە و كۆبوونەوەیان لە بارەگەی هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا.
بەپێی بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنەكە، هەردوولا باسی پێویستیی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقیان كردووە، جیا لە باسكردنی پۆستە ویزاری و داواكارییەكانی سوننە و جێكردنەوەیان لە بەرنامەی حكوومەتی نوی، كە لە دانیشتنی متمانەوەرگرتنی كابینەی نوێ ئەویش پەسند دەكرێت، جیا لەوانە باسی ئاڵنگارییە سیاسی ئابووری و تەناهییەكانیان لە عێراق و ناوچەكە كردووە.
















Leave a Reply