عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لە هێرشە درۆنییەكانی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن كرد، جیا لەوەش داوای كرد بە زووترین كات ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ رای گشتی رابگەیەنرێت.
بەپێی راگەندراوێكی نووسینگەكەی، ئەمڕۆ دووشەم عەلی زەیدی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، فەرمانی پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی كرد بۆ ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی ئەو هێرشەی كە نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی هەرێمیان لە هەولێر كردە ئامانج.
هەروەها زەیدی داوای كرد كە بە زووترین كات ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ رای گشتی رابگەیەنرێت و چۆنیەتیی هێرشەكە و لایەنەكانی ئەنجامدەر ئاشكرا بكرێن.
ئەمڕۆ دووشەم مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پۆستێكیدا لە تۆڕی ئێكس ئاماژەی كرد، دوابەدوای لێكۆڵینەوەی دژەتیرۆری هەرێمی كوردستان، نووسینگەی تایبەتی خۆم و ماڵی سەرۆكی دەزگەی پاراستن، ئەمڕۆ دووشەم بە درۆنی ئێرانی بە ئامانج گیران.
ئاماژەی كرد، ئەو هێرشە قبووڵنەكراوانە بە توندی سەركۆنە دەكەم، ئەمە پەرەسەندنێكی مەترسیدار و هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و ئارامی هەرێمی كوردستان، روونی كردەوە، ئەو هێرشانە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان نامان وەستێنن.
















Leave a Reply