دەستکەوتەکانی کوردستان لە ڕیفراندۆمدا

بینەر: (13)

لە مێژووی 100 ساڵی ڕابردووی گەلی كورددا، ناو بەناو ڕێبەرانی گەورە هەڵكەوتوون، بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و دەسەڵاتی كوردی و ڕێبەرایەتیی دۆزی گەلەكەیان پێشڕەوییان كردووە، نموونەیان شێخ مەحموودی حەفید، قازی محەمەد، مستەفا بارزانی و دواینیشیان سەرۆك مەسعوود مستەفا بارزانی وەك ڕێبەری گەلی كوردستان كە خواستی سەربەخۆیی كرد بە دۆكیۆمێنت و پەیامەكەی بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی كوردستان، بە گوێی جیهاندا دا. بۆیە هەمیشە خەڵكی كوردستانی گەورە چاویان لە جووڵە و هەوڵەكانی بارزانییە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە مێژووییە.

ریفراندۆمی كوردستان لە حەوتی حوزەیرانی ساڵی 2017، لە كۆبوونەوەی باڵای حزبەكان بە سەرۆكایەتیی بارزانی، بڕیاری لێ درا و ڕۆژی 25ی ئەیلوولی هەمان ساڵ بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی گەل دیاری كرا، سەرەڕای هەر گوشار و نەیارێك، بەڵام كورد سەلماندی بووەتە نەتەوەیەكی خاوەن بڕیار و ئیرادە و بە گڕوتینێكی بەهێز و هەمەلایەنەوە بەرەو ڕۆژی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی هەنگاوی نا و پرۆسەكەی گەیاندە جێ، خەڵكی كوردستانیش بە 93%ی دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، خواستی خۆیان دووپات كردەوە.

ریفراندۆم پەیامی نوێی كورد بوو لە دوای 26 ساڵ حوكمڕانیی نیمچەسەربەخۆ و چوار ساڵ شەڕی تیرۆر بە نوێنەرایەتیی جیهان، مانای نەبوو ئەو ڕۆڵە گەورە لە تێكشكاندنی داعشدا كە جیهانی پێشكەوتوو گەواهی بۆ دەدا و ڕۆژانە سەرۆكی وڵاتانی زلهێز باسییان لێوە دەكرد، هەروا وەك كۆمپانیەكی ئەمنی تێپەڕێت و كورد خواستی خۆی گەشە پێ نەدا، بە تایبەت كە بینرا تیرۆرستان لە ماوەیەكی كەمدا بەشێكی گەورەی سوریا و عێراقیان داگیر كرد كە دەوڵەتی سەت ساڵە و سوپا و فڕۆكە و توانای گەورەیان هەبوو، بەڵام لە بەرانبەر پێشمەرگەدا چۆكیان دادا و تێكشكان، نەدەكرا نەتەوەیەكی ئەوەندە ئاشق بە خاك و خەونەكەی، هیچ خواستێكی نوێی بۆ سیاسەتی داهاتووی خۆی نەبێت، بە مانایەكی تر، ریفراندۆم قسەی نوێی كورد بوو بۆ جیهان و زیندووكردنەوەی ئەو خەباتە بوو كە لە باپیرانمانەوە بۆ ئازادیی كراوە.

كەواتە ڕیفراندۆم ئەنجامی هەبووە یان نا، وڵاتانی دراوسێی نیگەران كردووە یان نا؟ ئەوانە شتی دەرەكین، پرۆژە گەورەكە ئەوەیە كە كورد سەركەوت لە ئیرادەسازیدا و نەتەوەیەكی زیندووی پێشانی دنیا دا كە پێشتر هەر بە خێڵ ناو دەبرا، هەر ئەوەیە كە لەدوای ئەو رۆژە مێژووییەوە، لە هەموو لایەكی جیهانەوە هەست بە متمانەبەخۆبوونی كورد و جووڵە نەتەوەییەكانی دەكرێ، بە لای منەوە ئەوە گەورەترین سەركەوتنە كە كورد خۆی تێدا ناسییەوە و تاكەكانی بردە ئەو ئاستەی كە هیچ جیاواز یان كێماسییەكتان نییە و لەگەڵ هەر مرۆڤێكی خاوەن دەوڵەت هەمان ئاستن، بەڵام لەوەیش تێدەەگەم دەوڵەت هەرچەند خواستی ناوخۆیی بێت، هەر دەبێ ناوەندەكانی بڕیاری جیهانیی بڕیاری لێ بدەن، جا هەركەی ئەو كاتە هات، ئەوە ئێمەیش ئامادەین.

ڕیفراندۆم مرۆڤی كوردی هەستاندەوە لە هەر چوار پارچە، رۆحێكی نوێی بە بەر خەباتكارانی سەربەخۆییدا كرد، ئیتر كێ دەڵێ سەركەوتوو نەبوو؟ تۆ نەتەوەیەكی لە بەردەم داگیركاری و توانەوەدا و لەپڕ سەرهەڵدەبڕی داوای دەوڵەت دەكەیت و جیهان ڕادەچڵەكێنی، هەر ئەمە خۆی دەسكەوتێكی گەورەیە، بەڵام خۆ مەرج نییە جیهان ڕاستەوخۆ بەدەممانەوە بێت، ئەوە هەنگاوی یەكەمە و بنیاتمان نا.

نۆ ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژە ڕووناكەدا تێپەڕی، كورد بە شكۆوە یادی دەكەنەوە، بە زۆردارانی بەناو دیموكراسی و دەوڵەتانی داگیركەر دەڵێن: دەتوانن كاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتەكەمان دوا بخەن، بەڵام ناتوانن ئەو ئامانجە لە دڵماندا بپووكێننەوە، ئیتر قۆناغی نكۆڵی تێپەڕی و دەوڵەتی هوشیار ئەوەیانە كە گوێ لە خواستی كورد دەگرێت وەك دراوسێیەكی ژیاندۆست و ئارام، ئەگینا هەتا ئەو دۆسیەی دەوڵەتی كوردییە نەگات بە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاڵاكەی نەشەكێتەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێ سەقامگیر بێت.

وەك ڕێبەری گەلی كورد سەرۆك بارزانی دەڵێ: باجی ژیانی بندەستی لە دەستدانی ئیرادە و كەرامەتە، بەڵام دەژیت، باجی سەربەخۆیی و سەربەستی، سەرفرازی و شەرەفە، بەڵام مومكینە بمرین.

گەلی كورد بە ڕێبەرایەتیی بارزانی، ئەوە لە قووڵایی دڵیدا چەسپاوە كە دەوڵەت و ئازادی تاكە ڕێگەی بەردەممانە و كۆڵ نادەین تا پێی نەگەین، بە شانازییەوە یادەكە بەرز ڕادەگرین. ئەو دەنگە نەشازانەی هەن دژ بە سەربەخۆیی خۆیان لە مێژوودا دەبیننەوە و هی وەڵامدانەوە نین.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *