دوای هەڕەشەكانی ئەمەریكا مادۆرۆ خۆی حەشار دەدات

بینەر: (1.1K)

جیا لە كۆكردنەوەی هێزێكی زۆری دەریاوانی و ئاسمانی لە نزیك كەناراوەكانی ئەو وڵاتە، ئێستە ئەمەریكا گوشارێكی رژد و بەهێزی خستووەتە سەر ڤێنزوێلا و نیكۆڵاس مادۆرۆی سەرۆكەكەی، ئەو سوورە لەسەر گۆڕینی رژێمی فەرمانڕەوایەتی لە كاراكاس، لەوكاتەی مادۆرۆ رێوشوێنی توندی بۆ خۆپاراستن وەرگرتووە، لەوانە گۆڕینی بەردەوامی مۆبایل و شوێنی مانەوەی و خۆنزیككردنەوە لە كوبا.

چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە حكوومەتی ڤێنزوێلا بە رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”ی ئەمەریكیان گوت، دۆخێك لە رارایی و نیگەرانی بازنەی دەوروبەری مادۆرۆی گرتووەتەوە، لەوكاتەی سەرۆكی ئەو وڵاتە پێی وایە هێشتا كۆنترۆڵی دۆخەكە دەكات و توانای تێپەڕاندنی هەڕەشەكانی ئەمەریكای هەیە كە 12 ساڵە لە دەسەڵاتەكەی دەكرێت.

بەپێی سەرچاوەكان ئێستە مادۆرۆ بە بەردەوام شوێنی نوستن و مۆبایلەكانی بۆ خۆپاراستن دەگۆڕێت، ئەوەش لە ترسی هێرشێكی وردی ئەمەریكا یان هەڵكوتانی هێزە تایبەتەكانی بۆ سەر شوێنی مانەوەی، ئەو رێوشوێنانەش لە مانگی ئەیلوولی رابردوو زیادی كردووە، ئەوكاتەی ئەمەریكا هێزێكی زۆری دەریاوانی هێنایە كەناراوەكانی ڤێنزوێلا و دەستی بە هێرشكردنە سەر قاچاغچیانی مادەی هۆشبەر كرد.

جیا لەوە مادۆرۆ بۆ خۆپاراستن لە ناپاكیی دەوروبەری، رۆرڵی پاسەوانانی كۆبی لە ناو بازنەی پاسەوانە تایبەتەكانی زیاتر كردووە، ژمارەیەكی زۆری ئەفسەر و كارمەندانی رووبەڕووبوونەوەی سیخوڕیی كوبی هێناوەتە ریزی سوپاكەی.

ساڵی رابردوو مادۆرۆ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دۆڕاندی، بەڵام رەتی كردەوە واز لە دەسەڵات بێنێت، مانگی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ماوەی كەمتر لە 15 خولەك لەگەڵ مادۆرۆ قسەیان كرد، مادۆرۆ رای گەیاند كە بە چەند مەرجێك ڤێنزوێلا جێدێڵێت، لەوانە لێبوردن لە خۆی و خێزانەكەی لە لایەن ئەمەریكا و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و لابردنی سزاكانی ئەمەریكا لەسەر خۆی زیاتر لە 100 بەرپرسی حكوومەتەكەی، پێوەست بە گەندەڵی و بازرگانی مادەی هۆشبەر و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، بەڵام ترەمپ هەموو مەرجەكانی رەت كردەوە و هەفتەیەكی بۆ مادۆرۆ دیاری كرد بۆ جێهێشتنی وڵاتەكە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *