دوێنێ ئێران وەڵامی پێشنیازێكی ئەمەریكا بۆ وەستانی شەڕ و دەست پێكردنی دانوستان دایەوە، شەوەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە وەڵامەكەی ئێران قبووڵكراو نییە، وەك ئاماژەیەك بۆ رەتكردنەوەی، ئەوەش بووە هۆی هەڵكشانی نرخی نەوت لە بازاڕەكان، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەكان و مانەوەی گەرووی هورمز بە داخراوی.
ئەگەرچی زانیارییەكان لەبارەی پێشنیازەكەی ئەمەریكا بۆ ئێران زۆر نییە، بەڵام دوێنێ ئێران لە وەڵامەكەی بۆ واشنتن چەند داوایەكی تیادا بووە كە لەوانەی پێشوو زۆر جیاواز نەبوون، لەوانە وەستانی شەڕ لە هەموو بەرەكان، لەوانە لە دژی حزبوڵا لە لبنان، قەرەبووكردنەوەی ئێران بەهۆی زیانەكانی لە شەڕی 40 رۆژە پێی كەوتووە.
لەوانەش گرنگتر ئێران بەسەر گەرووی هورمز باڵادەست دەبێت و ئەمەریكا كۆتایی بە گەمارۆ دەریاییەكە لەسەر بەندەرەكانی ئێران بێنێت، گەرەنتیی ئەوەش بدات كە چیتر هێرشی نەكاتە سەر و سزاكانی سەر كەرتی نەوتی ئێران لابدات، كەچی ترەمپ زوو وەڵامەكەی ئێرانی رەت كردەوە، ئەوەش وای كرد نرخی نەوت سێ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرز ببێتەوە.
شارەزایان پێیان وایە بەر لە هەر رێوشوێنێكی تری سەربازیی سنووردار یان فرەوان لە دژی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گرەو لەسەر سەردانەكەی بۆ پەكین دەكات، بۆ گوشاركردن لە ئێران بۆ ملكەچبوون لە دانوستانەكان و كردنەوەی گەرووی هورمز بێ شەڕ، ئەگەرچی نازانرێت هەنگاوە دیپلۆماسی و سەربازییەكانی داهاتووی ئەمەریكا بەرانبەر ئێران چی دەبێت، بەڵام سیناتۆر لیندسی گراهام پێی وایە ئێستە كاتی ئەوەیە چاو بە گۆڕینی چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بخشێننەوە، پڕۆژەی “ئازادیی كەشتیوانی پلەس”، بیرۆكەیەكی زۆرباشە بۆ ئێستە.
چوارشەمی داهاتوو ترەمپ سەردانی چین دەكات و یەكێك لە بابەتەكان دەبێت كە لەگەڵ شی جینبینگ سەرۆكی چین باسی دەكات، گرەو لەسەر دروستكردنی گوشار لەسەر ئێران دەكات بۆ رێككەوتن لەگەڵ واشنتن، بۆیە شارەزایان دەڵێن دوای سەردانەكە راستەوخۆ ترەمپ هەڵوێستی داهاتووی بەرانبەر بە ئێران ئاشكرا دەكات.
















Leave a Reply