خزمەتكردنی هاووڵاتییان پەیمانێكە و بە كردار جێبەجێمان كردووە

بینەر: (12)

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە مەیدانی خزمەتگوزاریی هاووڵاتییاندا ئامادە بووم. لە هەر ڕۆژێكدا جگە لە ڕۆژی هەینی، زیاتر لە سێ سەردان و لایەنی كەم دوو پرسە ئەنجام دراوە كە لە كۆی ئەم ماوەیەدا گەیشتووەتە هەزاران سەردان، چاوپێكەوتن و گوێگرتن لە كێشە و داواكارییەكانی خەڵك.

زۆربەی بەیانییەكانم بۆ سەردانی شوێنی كار، پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، ناو شار و گوندەكان، فەرمانگە و وەزارەتە جیاوازەكان تەرخان كردووە، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چاودێریی كارەكان بكەم و بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هاووڵاتییان هەوڵ بدەم.

لە وەزارەتەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان، چەندان پڕۆژەمان بردووەتە سەر قۆناغی جێبەجێكردن. بەتایبەتی كێشەكانی جووتیارانی سنووری بەڕانەتی– زرارەتی، هەروەها كێشەكانی زەوی، خانوو و سندووقییەكان لە بەحركە و ناوچەكانی تر، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دەسەڵاتە پێوەندیدارەكان چارەسەر كراون.

هەر لە چوارچێوەی بەرپرسیارییە مرۆییەكانیشدا، لە كاتی كارەساتی لافاوی چەمچەماڵ، بە پشتگیریی خەڵكی خێرخواز و هاوڕێ پزیشكە بەڕێزەكان، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی خۆم، توانیومانە سەتان ملیۆن یارمەتی دارایی، لەگەڵ چەندان تۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشكی كۆ بكەینەوە، لە ڕێگەی لیژنە فەرمییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بگەیەنینە دەستی ئەو كەسانەی پێویستیان پێی هەبوو.

ئەم هەموو هەوڵ و دەستكەوتانە لە كاتێكدا ئەنجام دراون، بەداخەوە پەرلەمانی كوردستان پەكخراوە و ناتوانێ وەك پێویست رۆڵی چاودێری و یاسادانانی خۆی بگێڕێت. لەگەڵ ئەو بارودۆخەشدا، وازمان لە خزمەتكردنی هاووڵاتییان نەهێنا و بەردەوام لە مەیداندا ماینەوە. دڵنیام ئەگەر پەرلەمان بەشێوەی ئاسایی و كارا بەردەوام بوایە، دەمانتوانی بە هاوكاری هەموو لایەك خزمەت و دەستكەوتی زۆر زیاتر بۆ هاووڵاتییان دابین بكەین.

ئێمە باوەڕمان وایە كە پێگەی پەرلەمان تەنیا شوێنی یاسادانان نییە؛ بەڵكو دەنگی هاووڵاتییانە، شوێنی پاراستنی مافەكانیانە و پەیمانێكە بۆ خزمەتكردنیان.

بەڵێن بێت بەهەمان متمانە و بەهەمان هەستی بەرپرسیاری، درێژە بە خزمەتكردنی خەڵكی خۆمان دەدەین، چونكە خزمەتكردن شانازییە، نەك ئیمتیاز.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *