لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەرێمی كوردستان لەلایەن گرووپە لە یاسادەرچووە تیرۆریستییەكانی حەشدی شەعبییەوە، چەندان هێرشی مووشەكی و دوژمنكارانەی كراوەتە سەر كە تەنیا هەڕەشەی تەناهی نین بۆ سەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو پێشێلكردنی ئاشكرای دەستووری عێراق و یاسای نێودەوڵەتین.
بەپێی ئەوەی سیستمی حوكمڕانیی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزم دامەزراوە، مادەی 117ی دەستوور بە فەرمی هەرێمی كوردستانی وەك هەرێمێكی فیدراڵ دەناسێنێت و مافەكانی لە چوارچێوەی عێراقدا دەستەبەر دەكات. هەروەها مادەی 121، مافی هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری ناوخۆیی و دامەزراندنی داودەزگا تەناهییەكان مسۆگەر كردووە، لەو بنەمایەوە هێزی پێشمەرگە بە فەرمی بەهێزی پاراستنی هەرێمی كوردستان ناسێنراوە كە ئەركی سەرەكیی بریتییە لە پاراستنی خاك و دانیشتووانی هەرێمەكە.
لەلایەكی ترەوە، مادەی 110ی دەستوور، دەسەڵاتە تایبەتییەكانی حكوومەتی فیدراڵی دیاری دەكات و لە ناویاندا بەرگریی نیشتمانی و پاراستنی سنوورەكان هەن، بەم پێیە بەرپرسیارێتیی یاسایی لە ئەستۆی حكوومەتی فیدراڵیی عێراقە كە ڕێگریی لە هێرشە چەكدارییەكان بكات و تەناهیی هەموو ناوچەكان لە چوارچێوەی بپارێزێت.
مادەی 115یش ڕوونی دەكاتەوە كە ئەو دەسەڵاتانەی بە شێوەی ڕاستەوخۆ بۆ حكوومەتی فیدراڵی دیاری نەكراون، دەچن بۆ هەرێمەكان. لە هەمانكاتدا مادەی 9ی دەستوور دەڵێت، هێزە چەكدارەكان دەبێت هێزی نیشتمانی بن و نابێت ببن بە هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییان، بۆیە هەر گرووپێكی چەكدار كە لە دەرەوەی یاسا هێرش بكاتە سەر ناوچەكانی عێراق، ئەو كردارە پێشێلكردنی دەستوور و یاسایە.
لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیشەوە، مافی بەرگریی ڕەوایە و ئەگەر هێرشێكی چەكداری ڕوو بدات، دەوڵەتان یان ناوچەكان مافی بەرگریی لە خۆیان هەیە بۆ پاراستنی خەڵك و خاكیان. نموونەی زیندوویش بیانووی توركیایە لە سووریا كە دەستێوەردانی دەكات، وەك بەشێك لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكەی، بەهەمانشێوە ئیسرائیل لە چەند وڵاتێكدا هێرش دەكات، وەك بەرگریی لە كیانەكەی.
بەپێی دەستوور و یاسای نێودەوڵەتی، هێرشە درۆنی و مووشەكییەكانی گرووپە تیرۆریستییەكانی سەربە حەشدی شەعبی، پێشێلكردنی ئاشكرای دەستوور و یاسان، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی لە ڕووی سەربازییەوە بەرگریی لە خۆی بكات، یان هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانەی كە لێوەی هێرش دەكرێتە سەری، بەمەبەستی كۆتاهێنان بەو مەترسییانەی لەسەر خەڵك و خاكی هەرێمی كوردستان دروست كراون، بە تایبەت كە حكوومەتی عێراق بێدەنگی هەڵبژاردووە و هەڵوێستی كرداریی نییە.
حكوومەتی فیدراڵ دوای چەندان جار ئاگاداركردنەوە، هیچ هەنگاوێكی كردەی بۆ ئەو مەبەستە نەناوە، بە پێچەوانەوە ئەم گرووپانە لە بودجەی عێراق پارەدار و چەكدار دەكرێن و لە بەرانبەریشدا بودجەی كوردستان نادرێت، بۆیە ئەم جیاوازییە زۆر ئاشكرا و نكۆڵی لێ ناكرێت و پێمان دەڵێت، هێشتا لە عێراق جیاكاریی و بیری تائیفی زاڵە.
پاراستنی ئاسایش و سەروەریی كوردستان، پێویستی بە پابەندبوون بە دەستوور و یاسای نێودەوڵەتی و هاوكاریی نێوان داودەزگا فیدراڵی و هەرێمییەكان هەیە. كاتێك ئەم بنەمایانە بەشێوەی ڕاستەقینە جێبەجێ ناكرێن، كوردستان مافی دەستووری و یاسایی خۆیەتی، هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانەی كە هێرشی لێوە دەكرێتە سەر و ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری خستووەتە مەترسییەوە و كۆتاییان پێ بهێنێت.














Leave a Reply