بەرپرسێكی ئیسرائیلی: ئێران دابڕاوە و رژێمەكەی لە رووخان نزیكە

بینەر: (1.3K)

ئیسرائیل و ئەمەریكا گەورەترین سوپرایزیان بۆ ئێران كرد، ئەوان لە یەكەم گورزدا عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئەو وڵاتەیان كوشت، تا ئێستەش ئێران نەیتوانیوە بەسەر ئەو شۆكبوون و نسكۆیەدا زاڵ ببێت و هەڕەمەكی كەوتووەتە بۆردمانكردنی وڵاتانی ناوچەكە، لەو كاتەی نەیتوانیوە زیانێكی گەورە بە ئەمەریكا بگەیەنێت، وەك ئەوەی نەیەوێ دۆخەكە بگاتە ئاستی پێویستی رووخانی رژێمەكەی، بەرپرسێكی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە پێشبینی دەكەن ئەو رژێمە كۆتایی بێت.

كەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە بەرپرسێكی تەناهیی ئیسرائیلی گواستەوە، تەلئەبیب پێشبینی دەكات بەمنزیكانە ئاستی هەڵدانی مووشەك لە لایەن ئێرانەوە بە ئاراستەی ئیسرائیل كەم ببێتەوە، ئەوەش دوای گورزە گەورەكانی سوپای ئیسرائیل بۆ ئەو وڵاتە، هەر لەگەڵ گەیشتن بەو قۆناغەش، دەكرێت هەنگاو بەرەو رەخساندنی دۆخی پێویست بۆ رووخانی رژێمەكە بنرێت.

ئەو بەرپرسە باڵا تەناهییە دووپاتی كردەوە، تا ئێستە ئێرانییەكان یاری بە ئاگر دەكەن، ئەوان نەخشە ناخوێننەوە، بەتەواوەتی دابڕاون، ئەوەش یارمەتی دنیا دەدات بۆ درككردن بەوەی ئەو رژێمە كۆتایی هاتووە.

ئەمڕۆ لە یەكەم لێدوانی لە دوای دەست پێكردنی هێرشەكانی سەر ئێران، بیت هیگسیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە ئێستە ئێران بۆ ئەوان كراوەیە و نابێت ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، مەبەستی هێرشەكانی سەر ئێران گۆڕینی رژێمی وڵاتەكە نەبوو، بەڵام ئەگەری هەیە رژێمەكە خۆی بگۆڕێت، دووپاتی كردەوە كە ئیتر مووشەكەكانی ئێران وەك هەڕەشە نەماون.

دووپاتی كردەوە، ئێستە ئەمەریكا مەرجەكانی شەڕ لەگەڵ ئێران دادەنێت، ئەركی ئەمەریكا لە ئێران وێرانكردنی مووشەك و هێزی دەریاوانیی ئەو وڵاتە و بێبەشكردنیەتی لە بوونی بە خاوەن چەكی ئەتۆمی، سەبارەت بە ماوەی شەڕەكە گوتی، ئەوە عێراق نییە و شەڕێكی بێ كۆتاییش نابێت، ئێران لە كاتی دانوستانەكان خۆی دەدزیەوە، ئاشكرای كرد كە تا ئێستە ئەگەری هێرشی وشكانی ئەمەریكا نییە و هەڵمەتە سەربازییەكە تەنیا ئاسمانییە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *