ئەمەریکا هێرشەکانی وەستاندووە، بەڵام بۆچی؟

بینەر: (15)

پاش زنجیرەیەک ئاڵۆزی و گۆڕانکاریی خێرا لە سەرلەبەری ناوچەکەدا، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری بێدەنگكردنی چەک و ڕاگرتنی کاتیی هێرشە سەربازییە چڕ و توندەکانی دا. لێرەدا تەنیا چەند هۆکارێکی سەرەکی هەن لە پشت ئەم هەڵوێستەی کۆشکی سپییەوە، بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکی وەهادا:

● سەرنەکەوتنی هێرشەکان لە گۆڕینی هەڵوێستی تاران، دوای 13 ڕۆژی بەردەوام لە وەشاندنی زەبرە سەربازییەکان، هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر گۆڕینی ڕەفتاری سیاسیی ئێران بەدی نەکرا. هێرشەکان بەهۆی سنوورداربوونیانەوە نەیانتوانی تاران ناچار بکەن بە سازش بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە، بووە هۆی ئەوەی ئێران لە درێژەکێشانی ئەم دۆخ و شێوازە، چیتر لە هێرش نەترسێت.

● فرەوانبوونی مەترسییەکان بۆ سەر ئابووریی جیهان، ئەمەریکا دەیویست بەم هێرشانە ڕێگری بکات لە داخستنی گەرووی هورمز و لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوەتی سوپای ئێرانی دەربێنێت، بەڵام نەیتوانی مەترسییەکە بڕەوێنێتەوە لە ڕێگەی هێرش و گەمارۆی توند و گوتار و پۆستی هەڕەشەئامێزەوە. تەنانەت لەوەیش زیاتر، مەترسیی نوێ بۆ سەر گەرووی بابولمەندەبیش هاتە ئاراوە. نەبوونی پلانێکی روون لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ ڕێگریی لە هاتنەناوەوەی حووسییەکان وەک بەشێک لەم ململانێیە، زیانی گەورەی ئابووریی خستەوە.

● یەکێکی تر لە هۆکارەکان بریتییە لە رەخساندن و کردنەوەی دەرفەتێک بۆ ڕۆڵی دیپلۆماسی و دانوستاندن، سەرچاوەی زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ترەمپ ویستوویەتی شانسێکی تر بە دیپلۆماسی ببەخشێت. ڕاگرتنی هێرشەکان بە ڕێکەوت نەبوو، بەڵکو هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لە نێوان عومان و ئێراندا، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، بە تایبەت لەسەر بابەتی چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز.

● هەڵسەنگاندنی ڕاشکاوانەی هەواڵگریی ئەمەریکا، بەرپرسانی تەناهیی ئەمەریكا، بە ڕوونی ترەمپیان لەوە ئاگەدار کردەوە کە هێرشە هەنووکەیییەکان هیچ ئەنجامێکی گرنگ بە دەستەوە نادەن. ئەمەیش وڵاتەكەی خستووەتە بەردەم دووڕیانێک: یان دەبێت ڕێککەوتن بکات، یان دەبێت ڕێڕەوی جەنگ بەتەواوی بگۆڕێت، بە ئاڕاستەی هێرشی بەربڵاوتر و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران.

لە کۆتاییدا، ترەمپ ئێستە لە نێوان بژارەی ئاشتی و هەڵگیرساندنی جەنگێکی سەرانسەریدا گیرۆدە بووە. لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا، ناچار دەبێت یەکێک لەم دوو ڕێگایە بە یەکجاری پەسند بكات و خۆیشی بەرپرسە لەو دڵەڕاوكێ و نائارامییەی بە بڕیارەكانییەوە دیارە كە دۆخێكی خولقاندووە، پێشبینی ئەستەم بووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *