دانەماڵینی چەكی میلیشیاكان چ كاریگەرییەكی لەسەر عێراق دەبێت؟

بینەر: (1.0K)

بڕیارە 30ی ئەیلوولی داهاتوو دوا وادە بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان بێت لە عێراق، حكوومەتی عێراق لە رێگەی هێزە سیاسییە شیعەكانەوە هەموو هەوڵێك دەدات وا لە میلیشیاكان بكات چەكەكانیان رادەست بكەن و خۆیان لەگەڵ هێزە تەناهییە فەرمییەكان یەك بخەن، بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەكانی ئەمەریكا بەرانبەر بە عێراق، بەڵام ئەگەر میلیشیاكان لە رەتكردنەوەی چەكدانان بەردەوام بوون چی دەبێت؟

عوسمان شەیبانی پەرلەمانتاری شیعە دەڵێت، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران بە روونی وریایی داوە بەوەی ئەگەر دەوڵەت نەتوانێت چەك داماڵێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا خۆیان ئەو كارە دەكەن، هاتنی ئەوانیش تەنیا گوشاری سیاسی نابێت و بەرەو كردنەئامانجی چڕی بنكە سەربازی و پێگەی میلیشیاكان سەر دەكێشێت، بۆیە حكوومەتی عێراق لە رێگەی چارەسەركردنی ناوخۆیی ئەو دۆسیە هەوڵی خۆپاراستن لەو سیناریۆیە دەدات.

روونی كردەوە، ئەو هەڕەشە مەترسیدارترەی زەیدی ئاماژەی بۆ كرد، ئەگەری دووبارە سەپاندنی راسپاردەی نێودەوڵەتییە لەسەر عێراق و گەڕانەوەیە بۆ بەندی حەوت، واتە لەدەستدانی سەروەریی تەواوەتیی نیشتمانی، بۆیە حكوومەت وەك دوایین هەل سەیری 30ی ئەیلوولی داهاتوو دەكات بۆ دوورخستنەوەی عێراق لەو ئەگەرانە و گەڕانەوەی بۆ دەیان ساڵ بۆ دواوە، بۆیە بڕیاری رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكانی داوە ئەگەر گیانی خۆشی لەسەر دابنێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *