دوا كارتی زەیدی لە دۆسیەی داماڵینی چەك چییە؟

بینەر: (1.1K)

بڕیارە 30ی ئەیلوولی داهاتوو دوا وادە بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان بێت لە عێراق، حكوومەتی عێراق لە رێگەی هێزە سیاسییە شیعەكانەوە هەموو هەوڵێك دەدات وا لە میلیشیاكان بكات چەكەكانیان رادەست بكەن، ئەو هەڕەشەیەكی توندی ئەمەریكا و ئێرانی لەسەرە، شارەزایان وریایی لە جێبەجێ كردن و نەكردنی هەڵمەتەكە دەدەن، بۆیە پێویستە بۆ مانەوەی لە دەسەڵات زەیدی چارەسەرێك بدۆزێتەوە.

شارەزایان باسی چەند سیناریۆیەك لە دۆخەی ئێستەی حكوومەتی عێراق دەكەن، لەوانە دەستلەكاركێشانەوەی زەیدی وەك گوشارێك لەسەر هێزە سیاسییە شیعەكان، كە دۆخی عێراق بە یەكجاری بەرەو پەككەوتن دەچێت، پەنابردنی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكا و ئێران، بۆ درێژكردنەوەی وادەی داماڵینی چەك و یارمەتیدانی لە سووككردنی گوشارەكانیان، كۆبوونەوەی راستەوخۆی لەگەڵ میلیشیاكان و رازیكردنیان بە داماڵینی بەشێك لە چەكەكانیان و دۆزینەوەی چارەسەرێك و دوایین سیناریۆش شەڕە، كە ئێران و میلیشیاكان و هێزە سیاسییە شیعەكان بە سەرەتای لەدەستدانی دەسەڵاتی شیعەی لە عێراق دەزانن و رەنگە سیناریۆی سووریا ئامادە بێت.

ئێستە زیاتر باسی لێكەوتە دارایی و ئابوورییەكان ئینجا سەربازی و تەناهییەكانی دانەماڵینی چەكی میلیشیاكان دەكرێت، عەلی یاسری سەركردەیەكی شیعە پێی وایە ئەگەر میلیشیاكان لە رەتكردنەوەی دانانی چەك بەردەوام بن، ئەگەری بژارەی رووبەڕووبوونەوە زۆرە، ئەوە لەوكاتەی حكوومەت بەدوای چارەسەرێكی دۆسیەكەیە لە رێگەی دانوستانی سیاسی و یاسایی.

روونی كردەوە، بەڵام ئەگەر بە چارەسەری نەگەیشتن، بژارەكانی تریش دوور نین، وەك ئاماژەیەك بۆ شەڕ، رائید محەمەدی شارەزای سیاسی دەڵێت، حكوومەت بە هەڵوێستێكی جێگیر بەرەو وادەی كۆتایی داماڵینی چەك هەنگاو دەنێت، بەڵام هەڵمەتەكانی رەتكردنەوە و هەڕەشەی پەرەسەندن لە لایەن میلیشیاكان مایەی نیگەرانین، بۆیە رەنگە وەك دوایین هەوڵ زەیدی چاوی بە سەركردەی میلیشیاكان بكەوێت بۆ رازیكردنیان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *