بەرپرسێكی تری وەزارەتی نەوتی عێراق لە كار لادرا

بینەر: (1.1K)

ئەگەرچی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق بەربەستی هاتووەتە پێش، لە رووی شێوازی گرتن و مامەڵەكردن لەگەڵ تۆمەتباران و یەكلاكردنەوەی چارەنووس و خاوبوونەوەی پرۆسەكە، بەڵام بەردەوامە و رۆژانە ژمارەیەك بەرپرسی تۆمەتبار بە گەندەڵی دێنە گرتن یان دەركردن لە كارەكانیان، سەرچاوەیەك لادانی سەرۆكی دەستەی دابەشكردنی بەرهەمەكانی نەوتی بەغدای لە كارەكەی راگەیاند.

بەپێی سەرچاوەكە، لایەنی پێوەندیدار بڕیاری دوورخستنەوەی محەمەد شبر عەبدولئیلا سەرۆكی دەستەی دابەشكردن بەرهەمەكانی نەوتی بەغدای لە كارەكەی داوە، ئەوەش دوای دۆزینەوەی چەندان پێشێلكاریی ئیداری پێوەست بە كاری دەستەكە، بێ ئەوەی جۆری ئەو پێشێلكارییانە روون بكاتەوە، یان ئاخۆ لێكۆڵینەوە لەوبارەوە دەكرێت یان نا.

دوێنێ سەرچاوەیەك لە دەستەی دەستپاكیی فیدراڵی رای گەیاند كە تیمەكانی دەستەكە لە پرۆسەیەكدا ئەفراح شمەری یاریدەدەری بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەیان لە تكریت لەسەر دۆسیەی گەندەڵی گرتووە، لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و بەپێی یاسا رێوشوێنەكانی بەرانبەر جێبەجێ دەكرێت.

هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق بەردەوامە و هەر دوێنێ دەستەی دەستپاكیی فیدراڵی رای گەیاند كە سزای گرتنی حەوت ساڵ بێ ئامادەبوون و دانی بڕێك پارە وەك غەرامە بۆ پارێزگاری پێشووتری سەڵاحەدین بە تۆمەتی دەستكەوتنی پارەی ناشەرعی بڕاوەتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی دەستەكە، دادگای ناوەندیی تاوانەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بێ ئامادەبوونی تۆمەتبار بڕیاری گرتنی حەوت ساڵی بۆ عەمار جەبر خەلیل عەبدولحەمید، پارێزگاری پێشووتری سەڵاحەدین بەپێی بڕگەكانی مادەی 19ی یاسای دەستەی دەستپاكی دەركردووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *