هەژموونی ئێران و ئایندەی عێراق

بینەر: (1.5K)

کابینەکەی عەلی زەیدی لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا توانی هیوایەکی گەورە و تازە لە دڵی هاووڵاتیی عێراقدا بچێنێت. لەو ماوە کورتەدا هەنگاوی ڕژد و کرداریی بۆ ڕاوەدوونانی وردە گەندەڵکار و ڕێکخستنەوەی جومگەکانی دەوڵەت و دروستکردنی سەقامگیری ناوە. هەروەها ڕاستەوخۆ داوای لە گرووپە چەکدارەکان کرد چەک ڕادەستی دەوڵەت بکەن. ئەم هەنگاوە نیشتمانییانە بەپێی پلانێکی تۆکمە بەڕێوە دەچوون و تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، کۆشکی سپی بە گەرمی پێشوازیی لە سەرەتای کارەکانی حکوومەتی زەیدی کرد، بەڵام تاران خێرا کەوتە جووڵە و ئەم خەونەی زەیدی تێکدا و عێراقی گۆڕی بۆ بەرەیەکی گەرمی جەنگ.

ئێران بە هەمان شێوازی لبنان و یەمەن، خاک و خەڵکی عێراقی کردووەتە سەکۆیەک بۆ هێرشی سەر ئامانجەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا. ئەم هێرشانەی دوایی کە کرانە سەر سعوودیە، ئوردن و بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا، بە ڕوونی دەریخست کە دەستدرێژییەکان بە کردار هێرشی ئێرانن بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق.

ئامانج لەم جووڵانە ئەوەیە کە عێراقیش وەک لبنان و یەمەنی لێ بێت. بێجگە لەو گرووپانەی ڕاستەوخۆ بە سوپای پاسدارانەوە بەستراون، زۆرینەی هاووڵاتییانی عێراق نیگەرانن لەوەی وڵاتەکەیان پەلکێشی جەنگێکی بێسوود و وێرانکەر بکرێت. موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، جەختی لەو نیگەرانییە کردەوە و ڕای گەیاند، عێراق پێویستی بە ئارامییە و گەلەکەی چیتر بەرگەی جەنگێک ناگرێت کە هەموو سامانەکانی بفەوتێنێت.

ئەم قەیرانەی ئێستە جارێکی تر ئەوەی سەلماند کە عێراق باجێکی یەکجار قورس بۆ هەژموونی ئێران دەدات. تاران بەردەوام بەغدا وەک ڕێڕەوی دەربازبوون لە سزاکان، سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتیی نەوت، بەکار هێناوە، هەروەها وەک بانکێک بۆ دابینکردنی ملیارەها دۆلار بۆ چالاکییە هەرێمییەکانی خەزێنەكەی شەكەت کردووە.

ئەم دەستێوەردانانە ئابووریی عێراقیان داڕماندووە و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانیان تووشی شکست کردووە. ئێستەیش کە نفووزی ئێران لە لبنان و غەزە لاواز بووە، دەیەوێت عێراق بکاتە بەرەیەکی جێگرەوە بۆ جەنگی بریكارانە، بەڵام بەردەوامیی سنوورە کراوەکان بۆ سوپای پاسداران، عێراق بەرەو وێرانکاریی زیاتر دەبات.

پێوەندیی نێوان دەوڵەتان تەنیا لەسەر بنەمای ڕێز جێگیر دەبێت، وەک سەدر ئاماژەی پێدا، لە خاکی عێراقەوە هێرش نەکراوەتە سەر ئێران، بۆیە دەبێت سوپای پاسداران بۆردمانی خاکی عێراق نەکەن و میلیشیا سەرکێشەکانیش بیانوو نەدەنە دەست وڵاتان تا خاکی ئێمە بکەنە ئامانج.

ئێستە سەرکردایەتیی عێراق لە بەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ ڕەتکردنەوەی گرووپی چەکدار و کۆنتڕۆڵکردنی چەك تەنیا لە دەست دامەزراوەی سوپا و ڕێگریکردن لە جەنگێکی هەرێمی كە تاران دەیەوێت بەسەر هەمووانیدا بسەپێنێت و عێراق گۆڕەپانی ئەوە، بەڵام سووربوون لەسەر سەربەخۆیی بڕیاری عێراق، پاڵپشتییەکی گەورەی جەماوەریی دەبێت.

عێراق لە 20 ساڵی ڕابردوودا چەندان قەیرانی تێپەڕاندووە و بەڵام ئێستە پرسیاری ورد ئەوەیە، ئایا دەتوانێت ئەم قۆناغە بە نەخێر بە ڕووی ئێراندا تێپەڕێنێت و وڵاتەكە بخاتەوە خزمەتی خەڵكەكەی و بەهێزكردنی دامەزراوەكانییەوە؟

ئەگەر زەیدی لەم قۆناغەدا بتوانێت کۆتایی بە دیاردەی چەکی دەرەوەی دەوڵەت بهێنێت و هێز تەنیا لە دەستی دامەزراوە شەرعییەکاندا کۆ بکاتەوە، دەتوانێت وڵات بەرەو سەقامگیری و ئاوەدانیی تەواو ببات و گەلەكەیشی پشتی دەگرن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *