سنوورە لێڵەكانی واقیع

بینەر: (815)

ئاشكرایە لە دنیای ئەمڕۆدا دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت، ڕەوتی زانیاریی جۆراوجۆری زیاد كردووە و فەزای فراوانتر كردووە بۆ دەربڕینی جیاوازییەكانی زانین و دەرفەتەكانی سوودگەیان و كاریگەریی گۆڕانكاری ئەرێنی كۆمەڵایەتی .بەڵام لەگەڵ ئەوەی سوودی زۆرە، لە هەمان كاتدا خراپ بەكارهێنانی تۆڕەكانی پێوەنیكردن بۆ بڵاوبوونەوەی زانیاریی هەڵە و زانیاریی ناڕاست و قسەی ڕقاوی و كۆمێنتی ناشیرین، توندوتیژیی ئۆنڵاینی توندتر و خێراتر كردووە.

بە پێویستم زانی ئەم بابەتە بخەمە سەرباس تا هۆشیار بین و بزانین رەوشت و سەلامەتیی منداڵان و گەنجان لە دنیای شاشەكانەوە بووە بە خاڵێكی زەق و جێگەی خەمی بەشێك لە بەخێوكاران بۆ منداڵەكانیان، بەهۆی ئەوەی منداڵان و گەنجانی ئێمە لە تەمەنێكی بچووكەوە دەچنە ناو دنیای ئینتەرنێت و بەكاربەری دەبن .

زۆرجار بیستوومە و دەڵێن منداڵی فڵان كچی باشە یان كوڕی باشە، چونكە دایك و باوكی نەیانهێشتووە تا تەمەنی 18 ساڵی یان كاتێك كە دەچێتە زانكۆ، مۆبایل و تەكنەلۆجیا بەكار بێنێ، تۆش منداڵەكەت دوور بخەرەوە لە شاشە تا ئەم تەمەنە، یان لەم سەردەمەی ئێستەشدا دەڵێن مۆبایل و ئینتەرنێت قەدەغە دەكەین لە منداڵەكانمان تا تەمەنی 18 ساڵی، كەچی دایك و باوكەكە خۆیان بەكاری دەهێنن، ئەم بیركردنەوەیە زۆر هەڵەیە بۆ دنیای ئێستە، دەكرێت بۆ نەوەی وای ( Y Generation ) و نەوەی زێد ( Z generation ) ڕاست بێ، بەڵام بەتەواوی جیاواز و ئاڵۆزە بۆ نەوەكانی ئێستە، بەتایبەتی ئەم بابەتەم بە گرنگ زانی باسی بكەم، چونكە نەوەی ئێستە كە نەوەی ئەلفا و نەوەی بێتای پێدەڵێن، نەوەی ئەلفا كە لەدایكبووانی نزیكەی ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٥ دەگرێتەوە، هەروەها نەوەی بێتا لەدایكبووانی ٢٠٢٦ تا ٢٠٣٩ دەگرێتەوە.

ئەم دوو جۆری نەوەیە بە تەواوی نەوەیەكی دیجیتاڵین و تێكەڵ بە تەكنەلۆجیا و ئینتەرنێت دەژین، كە لەگەڵ لە دایكبوونیان چاویان بە شاشە و ڤیدیۆ و بەكارهێنانی مۆبایل هەڵهێناوە، ئێمە وەك دایباب و لایەنە پەروەردەیی و ناوەندەكانی خوێندن، دەبێت لەم جیاوازییە تێبگەین كە كۆنترۆڵكردنی منداڵەكەت و دوورخستنەوەی تا تەمەنێكی هەرزەكاری زۆر ئەستەمە، دەكرێت لە جیاتی ئەمە فێری چۆنیەتیی بەكارهێنانی و پەروەردەیەكی دیجیتاڵی وای بكەین، هەر ڕاستەوخۆ نەچێتە سەر شاشەكە و دواجار منداڵەكەت لە بەكارهێنەرەوە نەبێتە بەكاربراوی دەستی كەسانی هەڵە، چونكە كێشەی سەرەكیی ئەم نەوانە ئەوەیە، ناتوانن بەباشی جیاكاری بكەن لە نێوان دنیای ڕاستەقینە و دنیای دیجیتاڵیدا.

مەترسیدارترین شت كە نەوەی بێتا تووشی دەبێت، جگە لەوەی لە دنیایەكی دیجیتاڵیدا لە دایك بووە، هاوكات هاوشانی ئەوانەش AI و ئەپلیكەیشنە ژیرەكان كۆنترۆڵی ناوەندی ژیانیانی كردووە، بۆیە دەبێت لەو بیركردنەوەیە دەرچین كە بڵێین دووریان دەخەینەوە لە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا و ئینتەرنێت، باشتر وایە بەدوای چارەسەرێك بگەڕێین تا دوور بین لە هەر شێواز بەكارهێنانێكی نادروست .

باشە كەواتە ئەمە چۆن دەكرێ ؟

پێویستە دایباب و ناوەندەكانی خوێندن و هەر لایەنێكی پەروەردەیی هەوڵ بدەن فێركاری بدەن لەسەر شێوازی تەندروستی بەكارهێنانی ئەم بەرنامە دیجیتاڵییانە، تا نەوەكان فێری ئەوە بكەین كە چۆن ڕێز لە ماف و تایبەتمەندیی خۆیان و كەسانیتر بگرن، یان هەر خۆیان نەبنە هۆكاری خراپ بەركاهێنان و زیانگەیاندن بە كەسانی تر .

بەپێی ڕاپۆڕتێكی ڕێكخراوی جیهانی یونسكۆ، دەركەوتووە كە ڕێژەی بەركاهێنەرانی ئینتەرنێت لە نێوان تەمەنی (١٥- ٢٤) ساڵیدایە كە دەكاتە ٪٧٩ ی دنیا، لە ڕاپۆرتەكەدا ئامانجی یونسكۆ بنیاتنانی تواناكانی مامۆستایانە بۆ ئامادەكردنی فێرخوازان بۆ ڕەفتاركردنی ئەخلاقی و بەرپرسیارانە لە ژینگە فیزیكی و دیجیتاڵییەكان، ڕێنوێنییەكان دووپات لەسەر گرنگیی ڕەچاوكردنی ئەوەی كە چۆن دەتوانرێت زانست و بەها و لێهاتوویی و هەڵوێستەكانی پەروەردەی هاووڵاتیبوونی دنیای پەروەردە بكرێت بۆ وانەگوتنەوە، لە پێناو فێربوون و بەشداریكردن بۆ دنیایەكی بەردەوامتر، گشتگیرتر، دادپەروەرانەتر و ئاشتیخوازانەتر .

ئەم بڵاوكراوەیەی یونسكۆ یارمەتیمان دەدات لە تێگەیشتن لە گرنگیی بابەتی پەروەردەی هاووڵاتیبوونی دیجیتاڵی، لە دەوروبەری خۆماندا دەبینین كە ڕۆژانە چەندان هەواڵی چەواشەكاری و خراپ و هەڵبەستراو بڵاو دەكرێنەوە، بەشێك لە سۆشیال ئاپەكانش پڕ بوون لە جنێو و قسەی ناشیرین و ڕەفتاری نادروست، ئەمانە چەندان گرفت تووشی نەوەكانی داهاتوو دەكەن وەك (گرفتی توندوتیژیی دیجیتاڵی، لەدەستدانی تایبەمەندی، جیانەكردنەوەی هەواڵی ڕاست و هەڵبەستراو، خراپبوونی پێوەندیی كۆمەڵایەتی، زۆرجار تێكچوونی باری دەروونی و تەندروستیش).

لێرەدا ئەوەی دەمەوێ ئاماژەی پێ بكەم ئەوەیە، چۆن چارەسەری ئەم بارودۆخە بكەین؟ چۆن وەك پەروەردەكارێك بتوانین نەوەكانی داهاتوو بپارێزین لە پێناو دنیایەكی ئاشتیخوازدا؟ چۆن وا بكەین منداڵەكانمان بەشێوازێكی ئەخلاقی و سەلامەت دەست ببەن بۆ بەكارهێنانی ئەم ئامرازانە؟. دڵنیام ئەم پرسیارانە لە مێشكی بەشێك لە بەخێوكاراندایە و هەموومان حەز دەكەین بتوانین شێوازی ڕاست و دروست بەكار بهێنین بۆ دووربوون لە هەر كێشەیەك كە دەكرێت بەهۆی دیجیتاڵی و AI تووشمان ببێت.

من لێرەدا بابەتەكە ئاراستەی ئەكادیمیا و قوتابخانەكان و پەروەردەكاران دەكەم، چونكە ئیتر ئەوان تەنیا ناتوانن وانەیەكی ئەكادیمی كلاسیكی بڵێنەوە، بەڵكو لە دنیای ئەمڕۆدا كە پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و بەردەستبوونی ئینتەرنێت، زۆر خێراترە لە گەشەكردنی هۆشیاری دیجیتاڵی، بە پێویستی دەزانم كە هۆشیاریی هاووڵاتیبوونی دیجیتاڵی و شێوازی دروست بەكارهێنانی، وەك سەكۆیەك بۆ دروستكردنی كاریگەریی ئەرێنی و بێ زیان بخەنە بەردەم فێرخوازان و ناوەندەكانی خوێندنیش، ببنە بەشێكی سەرەكی و گرنگ لە پەروەردەی تاكی كۆمەڵگەدا، ئێستە هیچ تاكێك و هیچ لایەنێك لە هیچ شوێنێكی دنیادا ناتوانین چاوپۆشی لەم گرفت و دیاردانە بكەین كە بەهۆی خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆجیاوە ڕووبەڕووی كۆمەڵگە بووەتەوە، بەتایبەتی لە كوردستاندا تا دێت كێشە كۆمەڵایەتییەكان ڕۆژانە ڕوو لە زیادبوونن، هەروەها بڵاوبوونەوەی شەڕەجنێو و سووكایەتیكردن بەیەكتر و هێرشی بەكۆمەڵ بۆ سەر كۆمەڵێكی تر، یان هەڕەشەكردن و دروستكردنی وێنەی نەشیاوی كەسی كە لە زۆر حاڵەتدا بووەتە كێشەی خێزانی یان كۆمەڵایەتیی قورس .

بۆیە پێویستە دایباب، ئەكادیمیا و پەروەردە، ڕۆڵێكی گرنگ ببینن و بتوانرێ ببێتە هۆی چارەسەر و كەمكردنەوەی ئەم كێشەكانە، پێویستە هەموو بەخێوكار و پەروەردەكارێك تێبگین لە دنیای ئەمڕۆدا قەدەغەكردنی مۆبایل لە منداڵەكانتان چارەسەر نییە، بەڵكو پێویستە ڕوانگەتان بگۆڕن لە قەدەغەكردنی مۆبایلەكانەوە بۆ ئاراستەكردنی دروست، واتە لە جیاتی زەوتكردنی مۆبایل لە منداڵەكەت، پێویستە فێری بەكارهێنانی ئەخلاقی و سەلامەتی بكەیت وەك ڕێزگرتن لە مافی كەسی بەرانبەر و پاراستنی نهێنیی بەرانبەر، هەروەها پاراستنی زانیاریی كەسییەكان و بەكارهێنانی بەشێوازێكی ئەرێنی .

وەك پێشنیارێك بۆ وەزارەتی پەروەردە، بەهیوام ئەم بابەتە بكاتە بەشێك لە پرۆگرامی پەروەردە و فێركردن، چونكە پەروەردەكردنی گەنجان بۆ بەكارهێنانی دروستی تەكنەلۆجیا، پێویستی بە هۆشیاركردنەوەی مەترسییەكان، ڕێكخستنی كات و فێركردنی ئینتەرنێت هەیە. ئەمەش بەتەنیا بە خێزانەكان ناكرێت، پێویستە خێزان و قوتابخانە پێكەوە كار بكەن تا گەنجان لە بری خراپ بەكارهێنان، سوود لە زانیارییەكان وەربگرن .

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *