بوومەلەرزەیەكی بەهێز كۆڵۆمبیا دەهەژێنێت

بینەر: (87)

ئەمڕۆ دووشەم بوومەلەرزەیەكی بەهێز كۆڵۆمبیا و چەند وڵاتێكی تری ئەمەریكای لاتینی هەژاند، بەو هۆیەوە زیانێكی گەورەی گیانی و مایەكی كەوتووەتەوە، چەندان تەلار رووخاون و خەڵك لەژێر پاشماوەی رووخاو گیریان خواردووە و هەندێك تەلاریش چۆڵ كراون.

ئەو بوومەلەرزەی بە گوڕی 7.4 پلە بە پێوەری رێختەر، وەك دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی كۆڵۆمبی و دەستەی رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمەریكی خەمڵاندیان، لە قووڵایی 100 كیلۆمەتر بووە، چەقەكەی نزیك شاری سان خوسێ دیل پالمار بووە لە ناوچەكەی چۆكۆ لە رۆژئاوای كۆڵۆمبیا، دانیشتووانی ئیكوادۆر هەستیان پێی كردووە و كاریگەرییەكەی گەیشتووەتە باكوری پەنەما، بووەتە هۆی چۆڵكردنی چەندان تەلاری نیشتەجێبوون لە بۆگۆتا.

نوبیا كارۆلینا حاكمی ویلایەتی چۆكۆ دەڵێت، بەهۆی بوومەلەرزەكەوە زیانی گەورە بە تەلارەكانی كیبدۆی پایەتەختی ویلایەتەكە گەیشتووە، سەرۆكی شارەوانی كالیش ئاماژەی كرد كە بەو هۆیەوە 20 تەلار رووخاون و ژمارەیەك كەس لەژێر پاشماوەی رووخاو گیریان خواردووە، دەستەی فڕۆكەوانیی كۆڵۆمبیاش دووپاتی كردەوە كە بەو هۆیەوە شەش فڕۆكەخانە زیانیان بەر كەوتووە و گەشتەكانیان تیادا وەستاوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *