لە ماوەی چەند مانگی رابردوو هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، میلیشیاكانی عێراق دەستیان بە كردنەئامانجی بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناو عێراق و هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە كرد، زیاتر لەوە و بەو پاساوە چەندان دامەزراوە گرنگی ئابووری و ستراتیجییان كردە ئامانج، ئەوەش هەڵوێستی حكوومەتی عێراقی شەرمەزار كرد، بۆ رێگرتن لەو هێرشانە عێراق هێزێكی تایبەت پێك دێنێت.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی عێراقی، بەغدا فەرماندەیەكی نوێی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی بە ناوی “فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بادیە”، پێك هێناوە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەكانی بادییەی موسەنا و دەوروبەری، بەتایبەتی ناوچە بیابانییەكانی نزیك لە سنوورەكانی عێراق لەگەڵ هەریەك لە سعوودیە و كوێت، ئەو هەنگاوەش بە مەبەستی رێگرتنە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێی عێراق.
لای خۆیەوە ئەمڕۆ دووشەم وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند كە هەڵدانی هەر درۆنێك بێ مۆڵەتی فەرمی، بەپێی بڕگەكانی یاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، لە هەنگاوێكی تری حكوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی میلیشیاكان و داماڵینی چەكیان، دووپاتی كردەوە كە لە ماوەی دواییدا دەست بەسەر دەیان درۆندا گیراوە.
















Leave a Reply