ئەمڕۆ دووشەم 10ی ئابی 2026، عەبدولحەکیم بەشار، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەرلەمانتاری سووریا، هێرشەکانی سەر ئەو خێزانە کوردانەی شەرمەزار کرد کە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە سەرێ کانی، و هۆشداریی دا لە لێکەوتەکانی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە. هاوکات ڕەخنەی توندی لە کردەوەکانی “لاوانی شۆڕشگێڕ” گرت و بە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتیی ناوی بردن.
بەشار لە لێدوانێکدا ڕای گەیاندووە، هێرشکردنە سەر ئەو کوردانەی کە بە گەرەنتیی حكوومەتی دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان لە سەرێ کانی، کارێکی شەرمەزارکراو و ڕەتکراوەیە، و پێویستە ڕابگیرێت و لێکەوتەکانی چارەسەر بکرێت و هاندەران و دەستدرێژیکاران سزا بدرێن. ناوبراو هۆشداریی دا کە بەردەوامبوونی ئەم ڕووداوانە دۆخێکی نائارامی دروست دەکات و هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات.
لەلایەکی ترەوە، بەشار ڕەخنەی لە کردەوەکانی “لاوانی شۆڕشگێڕ”ی پێوەست بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە گرت و ڕای گەیاند، بوونەتە سەرچاوەی نیگەرانیی ڕاستەقینە و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی گشتی و سەقامگیری لە پارێزگاکەدا. داوای کرد هەڵوێستێکی ڕوون لە بەرانبەر ئەم کردەوانە وەربگیرێت و گوتی، بەردەوامبوونیان و ئەو “گرژی و ورووژاندنە”ی لەگەڵیدایە، پێویستی بە جووڵەی هێز و کەسایەتییە نیشتیمانییەکانە، چ کورد بن یان غەیرە کورد.
















Leave a Reply