ڕەنگە ئەوەی یەکەمین پوولی دۆمینەی گۆڕانکارییەکان بگەڕێنینەوە بۆ ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، تەنیا بەشێک لەو ڕووکارەی سیاسەتی جیهانی و پلانە ئاشکرا و شاراوەکانی زلهێزەکان بێت، بەڵام بەو حاڵەیشەوە ئەم گەڕانەوەیە دوور لە لۆجیک نییە و دەکرێت بڵێین، بە کرداری یەکەمین شریخەی گۆڕانکارییەکان لەوێوە گەیشتە گوێ. بێگومان بەرزبوونەوەی ئەم شیریخەیە زەوینەی مێژوویی و ئاینی خۆی هەبووە. هەم عەرەب و هەم جوو، دوو دیدی دژ و ڕەتکەرەوەیان بۆ یەکتر هەبووە.
لانیکەم لە پاش بنیاتنانی دەوڵەت-نەتەوەکان و دامەزرانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ١٩٤٨ەوە، دژایەتی و ددانەجیڕە لە یەکدی زیاتر و زۆرتر بوون. بە تایبەتی کە عەرەبی مسوڵمان بەم ڕوانگەیەوە کە ئەوان لە جیهاندا حەشیمەتێکی گەورەن، چەندان دەوڵەتی گەورە و بچووکیان پێ بڕاوە، و زمانی ئەوان زمانی قورعانە و پێغەمبەرەکەیان دوا پێغەمبەرە و… جوویش بەم باوەڕە ئاینییەوە کە ئەوان قەومی هەڵبژێردراوی خودان و خاوەنی وڵاتی بەڵێنپێدراون و… ئەو ڕق و دژبەرییە لەمێژینە، ڕووە ئاینی و باوەڕمەندییەکەی زیاتر زەق کردەوە.
ڕاستییەک کە بەداخەوە کەمتر باسی لێوە دەکرێت، ئەوەیە کە لە قورعان و کتێبی پیرۆزی ئیسلامدا، جوو (جگە لە ژمارەیەکی کەم لە ئەهلی کتێب)، سیمایەکی بەردەوام ناپاک و دژەئیسلام و دژە مرۆڤیان هەیە و بە هیچ بارێکدا نەهاتوونەتە سەر ڕێی ڕاست و ناشیەن. بێگومان ئەو ئایەتانەی پێوەستن بە باسی جوو و کردەوەکانیان و ئەو فەرموودانەیشی دەپەرژێنە سەر بێوەفایی و خیانەتەکانیان لە مێژووی ئیسلام، دەکرێت تەفسیری جۆراوجۆر هەڵبگرن، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە کام ڕوانگە و بەپێی کام ئەندێشەی شەرعی و ڕۆشنبیریی ئاینی، بابەتەکە بخوێنینەوە.
بێگومان ئەمە تەنیا لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و کتێبە پیرۆزەکەی واتە قورعاندا نییە کە وەها وێنای جوو نەخشێندراوە، لە تەورات و تەنەخ، واتە کتێبی پیرۆزی جووەکانیشدا ئەو خۆئەڤینی و نارسیزمە ئاینی و قەومییە بە ڕادەیەکە کە ختووکەدەری خواستە ئاخرزەمانییەکان و خۆبەڕێبەرزانییە. لێرەوە بە ڕوونی دیارە شەڕی عەرەب و جوو بەهۆی دەقی پیرۆزەوە کراوە بە شەڕی ئیسلام و جوو، لەم دەلاقەیەشەوە نەتەوە مسوڵمانە ناعەرەبەکانیش تێوەی گلاون و گیرۆدەی بوونە.
ئەم ڕاستییە کە زۆر لە مسوڵمان و جوو لە باسکردنی خۆ دەبوێرن و بە دڵنیاییەوە زۆریشیان بە ئاشکرا و جیهادیانە باسی دەکەن، ئێمە دەخەنە دووڕێیانێک لە دوو دەقی پیرۆز کە هەردووکیان ڕەتکەرەوە و نکۆڵیکاری ئەویترن. ئەمە ئەگەر تەنیا لە ئاستی عەقیدە و باوەڕدا بمێنێتەوە و لە جیهانێکی پێشنەکەوتوو و پێشمۆدێڕندا بوایە، هەر کێشەیەکی ئەوتۆی نەدەبوو، بەڵام ئێستە لە سەردەمی تەکنۆلۆجیا و پەرەسەندنی جۆرەکانی شەڕ و چەک و ئەتۆم و… شەڕی نێوان دوو جەمسەری پیرۆز ئیتر شەڕێکی کورتمەودا و بەرتەسککراو لە جیۆگرافیایەکی بچووکدا نییە، بەڵکوو تەقینەوەی ئەم پیرۆزییانە بە ڕووی یەکدیدا دەتوانێت جەنگیی ئەتۆمیی جیهانیی هەڵبخڕێنێت. جەنگێک کە بە ئەگەری زۆرەوە بەر لە هەموو باوەڕمەندان و ڕێبەرانی شەڕی پیرۆز خەڵکی ئاسایی و بێگوناهی جیهان لە هەموو گۆشەیەکەوە بکاتە قوربانی.
ڕەنگە ئەگەر لە ڕووی دیپلۆماسی سیاسییەوە چاوی لێ بکەین، دەوڵەتی ئیسرائیل هەوڵی داوە دۆخێکی جێگیر بە ئاراستەی پێشکەوتنی ناوخۆیی خۆی و دەفعی دەرەکیی هەڕەشەکان بپارێزێت و لەملایشەوە لایەنانێکی فەرمی و نافەرمیی وەک کۆماری ئیسلامی و حوسییەکان و بەرەی مقاومە، هەوڵیاندا هەموو ئەو هاوکێشەیە تێک بدەن کە لە جۆرێک کۆنسێرڤاتیزم و پارێزگاریکردن لە دۆخی زاڵ پێڕەویی دەکات، ئەمە قەیرانەکەی گەیاندە لووتکە. هیچ شەڕێک لۆجی ژیرانە و مرۆڤانەی تێدا نییە، ئەوەی هەیە لۆجیکی بردنەوە و دۆڕانە بە هەر نرخێک، لۆجیکی شەڕ خواستی باڵادەستییە نەک ڕێزلێنان لە گیانی مرۆڤ، كاتێك دەکەوێتە بەردەم مەترسی.
ئەم شەڕەی نێوان ئەمەریکا+ئیسرائیل و ئێران، پێڕەوی هەمان هاوكێشە دەکات، ئەگەرچی ئەمەریکا خواستی ڕێکخستنەوەی باڵانس و داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی هەیە، بەڵام بە کردار لەناو ئەو هاوکێشە پیرۆزکراوەی شەڕی دووجەمسەردا یاریی دەکات. لەم نێوانەدا ئەگەر چاوێکی خێرا بخشێنین بە ژمارەی ئەو مووشەک و درۆنانە و ئەو کوژراو و شەهیدانەی لە کوردستان هەن، دەبینین کوردستان هێندەی ئەمەریکایی و بگرە زیاتریش شەهیدی داوە و خەسار بەر ژینگە و وڵاتەکەی کەوتووە. بێگومان دیارە ئەم هێرش و دڕندەییە لەلایەن کێوە دەرهەق بە کوردستان و ئەزموون و ژینگە و خەڵکەکەی دەکرێت.
کوردستان چەندان ساڵە سیاسەتێکی ژیرانە و هەڵبەت زۆرجار ناچارییانەی گرتووەتە بەر کە لە شەڕەکاندا بێلایەنیی خۆی پێشان داوە و سەلماندوویشیەتی، بەڵام کێ گوێ بۆ گوتاری ئاشتیی دەگرێت؟ کە شەڕەكە هی پیرۆز و ناپیرۆز بێت، بە تایبەتی ئەگەر لەلایەن کەسێکەوە ئەو ئاشتییە بێتە زار کە جگە لە ئاشتیخوازیی هیچ چەکێکی دیکە شک نەبات؟
ئێستە پرسیار ئەوەیە بۆ ئێمە کە داگیرکەر و دوژمنی مێژوویی و قەستەسەرمان دیارە، بەڵام بۆ ئەمەریکا کە خۆی بە هاوپەیمانیی کورد دەزانێت چ ڕێکارێکی هەیە بۆ تاکە گەلی ئاشتیخواز و گەشەخواز لە ناوچەکەدا؟ بۆ گەلێک کە هەموو هەوڵێك دەدا و داویەتی کە بنەماکانی دیموکراسی لە خێڵستانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا پراکتیزە بکات؟ ئایا ئەمەریکا ئەم بابەتە گرینگە بۆی کە هاوپەیمانێکی بە وەفا و ئاشتیخواز و جیاوازی خۆی بپارێزێت؟ یان پارادایمی سەردەمی ترەمپ پارادیمێکە دەبێت ببێت بەهۆی وەرچەرخانێکی هەمەلایەنە لە سیاسەتی کوردیدا بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی کیان و بوونەکەی؟












Leave a Reply