دەتوانین لە ڕەوتی دیالیکتیکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستاندا، تا بەر لە سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی (واتە کاک ئەحمەیی، ئەنسارولئیسلام، جوندولئیسلام، سەلەفییەت و ئیخوان و…)، جۆرێک لە هاوسەنگیی ببینینەوە کە دەرهاوێشتە و سەنتێزەکەی ئەگەرچی ئایدیال و خوازراو نەبووە، بەڵام ئەوەیش نەبووە تووشی شەڕێکی پڕووکێنەر و کوشندەمان بکات و هێز و وزە کۆمەڵایەتییەکان شەکەت بکات و دەرفەتە سیاسی و شارستانییەکان لە کیس بدات یا بیخاتە مەترسییەوە.
پێش ئیسلامی سیاسی، خواستی پێکەوەهەڵکردنی پێکهاتەی ژیان و نەریتی کوردی، لەگەڵ بنەما و ناوەرۆکەکانی ئیسلامی گشتەکی و باو، بەهێز بوو. مەلاکانی ئێمە ڕەخنەگری هەندێ داونەریتی کوردانە بوون، بەڵام هێرش و ڕەتکردنەوە لە کاریاندا زەق نەبوو، مەلا و فەقێ پەرەپێدەری نەریتە گونجاوەکان (بەپێی تێڕوانینی شەرعیی خۆیان)ی کوردی بوون، زمان و ئەندێشەی کوردی لە هەلبەست و وانەوتنەوە و کرداری ڕۆژانەیان وەک ئەرکێک دەبینرا، ڕۆحی ئاینی لەگەڵ کرۆکی بەها نەتەوەیی و کولتوورییەکانی کوردیدا دژ دەرنەدەکەوت و بگرە وەک وتم دانوستان و دیالیکتیکێکی ئەگەرچی ئایدیال نەبوو، بەڵام ئۆرگانیک و سروشتی بوو، وردە وردە بزۆزی و یەکترپاراوکردنی لێ دەکەوتەوە.
لە یەک سەدەی ڕابردوودا هیچ هۆنەر، نووسەر، مەلا و… کورد نەبووە دژی ناونان و ناوی کوردی بوەستێتەوە، ئەگەر هەشیبووبێت هێندە کاڵ و کپ بووە، ناوی لە کولەکەی تەڕیشدا نییە. هەموو ئەو باوەڕدار و ئەدیب و ڕۆشنبیرانەی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا دەرکەوتن بە ئاینی و چەپ و ڕاستیانەوە، بەر لەوەی بەها و پێکهاتە ئۆرگانیك و سروشتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی بدەنە بەر پەلامار و ڕەخنە و بۆ ملبادان لە هەمبەر کولتووری بیانی و ئەویتردا ئامادەی بکەن، ڕەخنەگر و بەگژداچووی ئەو دۆخە بوون کە کوردیان دەچەوساندەوە.
دەتوانم بڵێم، ئەو قۆناغە هەم لە ئاستی گوتار و لۆجیکی باس و باوەڕەکاندا و هەمیش لە ئاستی ئەخلاق و پابەندبوون بە بەهاکانەوە، جۆرێک ڕاستبێژی و دەربەستیی بێوێنە هەبوو. ئەگەر لادانێکیش لەو شێوازەی چالاکی و ڕێچکەیەدا هەبووبێت، هەمدیس بە ڕادەیەک بێکاریگەر و کاڵ بووە، هەر شیاوی باسکردن نییە و نەبووە بە دیاردە. بەڵام دۆخەکەی ئێستە بە تەواوەتی جۆرێکی دیکەیە:
یەکەم ئەوەی ئیسلامی سیاسی بەهەموو باڵەکانییەوە لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوەیەکی یەکجارەکی و هەمەلایەنەدان کە جیایە لەو گوتار و لێدوانانەی بۆ ئاین و باوەڕمەندیی دەیکەن، بەڵکوو ئامانجێتی جومگە سەرەکییەکانی هێز و کۆنترۆڵی ڕای گشتی و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بگرێتە دەست.
دووەم، ئێستە سەردەمی پێوەندییەکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییە، ئیتر لەمپەرێک بۆ گەیاندن و پڕوپاگەندەی بیر و بڕواکان نییە و هەموو گوتارەکانی ئیسلامی سیاسی بە ناوی خوا و قورئان و پێغەبەرەکەیەوە ڕەوایی دەروونی و کۆمەڵایەتیی بۆ خۆیان دەبیننەوە، تا سەر بە هەموو قوژبن و کەلێنێکی ماڵاندا بکەن.
سێیەم، سیستمی یاسایی ئێستە، ئەو ئازادییە قایلە کە تەنانەت کەسانێکی دژەیاسایش لەژێر چەتری هەمان ئەو یاسایەی مەلاکان دژایەتیی دەکەن، جێیان ببێتەوە و پارێزراو بن.
چوارەم، تەشەنەسەندنی جۆرێک بێهیوایی گشتی و بەتاڵبوونەوەی سەردەمەکە لە مانا، وایکردووە گوتارە مەعنەوییە توندئاژۆکان جۆرێک پێشوازییان لێ بکرێت لەلایەن خەڵکی ڕەمەکی و ڕەشوڕووتەوە، بەڵام ئەمە هەموو هاوکێشەکە نییە.
هەر ئەو خاڵانە لە ڕوویەکی ترەوە بۆ نموونە خاڵەکانی هەبوونی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و یاسای پێشکەوتوو و مۆدێڕن، وایکردووە دژوازی و درۆ و دەلەسەی گوتارەکان بە ئاسانی ببینرێنەوە و ئەگەر جارێک و دوان و تەنانەت دە جاریش لەژێر پەردەی پیرۆزیی و ئیسلام و خودادا دیزەبەدەرخۆنە کران، ئەوا جارێکیش دەبێت وەک عەبدولەتیف سەلەفی لێ بێت و لە دۆسیەیەكی كەسی و سنووردارەوە دەرچێت و ببێت بە بابەتێک لەناو گوتار و ئەندێشە و باس و خواسی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا.
ڕووداوە دووپاتبووەکەی عەبدولەتیف تەنیا نموونەیەکی قاڵزڕاو و دەنگبەرزی ڕووداوێکە و ئێمە ڕۆژانە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و بەهۆی بوونی هەزاران پەیامنێر و ڕۆژنامەوانی دلێر و ئازادەوە دەیان وتووێژ و ڕاوەرگرتن لە مەلا و پیاوانی ئاینی دەبینین کە بەختەوەرانە بە جۆرێک لە جۆرەکان دانپێدانانە. دانپێدانانە بە خراپ بەکارهێنانی ئاین و پێگەی ئاینی و هەروەها تەفسیرکردنی ئاین بەپێی بەرژەوەندی کەسی و خواستە جەستەیی و شەهوانییەکان و… نموونەی ئەو مەلایانەی بە شەرمنی و ژێرلێوەوە باس لە زەواجی میسیاری نهێنیی خۆیان دەکەن، کەم نین.
لێرەدا ئەو پێکداهەڵشاخان و ڕووبەڕووبوونەوەیەی کولتووری کوردی و بەهاکانی لەگەڵ گوتاری ئاینی و ئیسلامی سیاسیی ئاراستەکراو بۆ خواست و شەهوەتەکانی پیاوان، دەبینین. ئەو فایلانەی عەبدولەتیف کاردانەوەی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆر، بەرچاوڕوونی زیاتری خەڵک بەرانبەر پیاوانی ئاینی و توانستە شاراوە و سێبەرئاساکانی ئاینی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەم پەرچەکردار و لێكەوتانە هێشتا لە سەرەتای ڕێگان و پێم وایە شۆکی ئەم جۆرە ڕووداوانە لە کۆمەڵگەکانی وەک خۆماندا، لە داهاتوو دەردەکەوێت و بەشێوەی ئاوەزمەندانەتر و لۆجیکی دەردەکەون. ئەمەیش جۆرێک هەڵوەشانەوەی نەزمی باو و لابەلابوونەوەی بەها باوە پێفرۆشراوەکانە لەلایەن گوتاری زاڵەوە. من ئەمانە لە درێژماوەدا بە سەرەتای گۆڕانکاریی شارستانیی گرینگ دەبینم، ئەگەرچی بێ قەیران و کێشە نابن، بەڵام دڵخۆشکەرن.












Leave a Reply