دیپلۆماسیی هەرێم و سیستمی بەرگری

بینەر: (6)

ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵە و بە تایبەتی شەڕی نێوان ئەمەریکا/ئیسرائیل و ئێران و ئەو دۆخە نەخوازراوەی هاتە ئاراوە، کۆمەڵێک بژاردەی پووچەڵ کردەوە و کۆمەڵێکی تری خستە بەردەست، یان باشتروایە بڵێین وا دەکات بەدوای کۆمەڵێک بژاردەی نوێوە بین کە جیۆگرافیا و ئاسایشی هەرێمیی پێ پێناسە بکەینەوە. ڕەنگە لەناو کابینەکەی ترەمپدا تەنیا مارکۆ ڕۆبیۆ بە قووڵی و وردی جەوهەری سیستمی سیاسیی ئێران ناسیبێت. سیستمێک کە بە دەربڕینی ڕۆبیۆ تەنیا خواستی بۆ دیکتاتۆرییەتێکی ئاسایی نییە وەک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا هەبووە و هەیە، بەڵکوو ئەم سیستمە خواستی زیادکردنی قەڵەمڕەو و ڕووبەری شۆڕشەکەی وەک بنەمایەکی نەگۆڕ و لێبڕاو دەبینێت و بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری نابێت.

شێوازی بەرپەرچدانەوەی ئێران بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل کە ئەو هەموو وڵاتەی دەوروبەر و دراوسێی خۆی کردە ئامانج، تەنیا ڕوویەکی ئەو ڕاستییە قووڵەن کە ڕۆبیۆ باسی کردووە، بۆیە ئەم قسەیەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لێرەدا زەق دەکەمەوە، چونکە ئەو گومان و بێهیواییەی ئەو زۆر ژیرانەترە لە هیوای لەرزۆک و ڕاڕایانەی جەی دی ڤانس یان ترەمپ خۆی. بەهەرحاڵ بمانەوێ و نەمانەوێ ئەم ڕژێمە لەلایەن زلهێز و ئەکتەرانی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە، زۆر دەستی بۆ شل کرا و جێیان کردەوە و ئێستەیش بە ئاسانی لێی ناچێتە دەرەوە. بەو مانایەی ئەم ئایدۆلۆجیایە ئامادەیە جیهان بەرەو شەڕێکی ئەتۆمیی ببات و نیوەی دانیشتیوانی گۆی زەوی لەناو بچن، بەس ئەو حکوومەتە بمێنێتەوە کە هی ئیمامی زەمانە و ئەوان چاوەڕوانی دەکەن، تا بێت و ڕادەستی بکەن.

ئەم ڕوانگەیە هەر مرۆڤێک کە خاوەنی قامووسێکی چەپ یان ڕاست بێت و بیبیستێت، وەک فانتازیا و خەونێکی سامناک وێنای دەکات، بەڵام ئەمە لە تاران فانتازیایەکی ڕاستەقینە و خەونێکی حەقیقییە. خەونێکی دوورەدەستی غەیبانی کە بۆ بەدیهێنان و بە ئێستاییکردنی دەتوانن هەموو جیهان بە ئاگرەوە بگلێنن. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە لە سۆنگەی هێزەوە دێت، بەڵکوو بەو مانایەیە کە ئەوان هیچ پابەندییەکیان بە بنەما شارستانی و مرۆییەکان نییە، وەک چۆن لە کورد دەڵێن، دەبێت لە مرۆڤی بێ حەیا بترسی. ئەمەیش وایە. مرۆڤ دەبێت لەگەڵ مرۆڤی بێ دیسیپلین یان بێ هێڵی سوور، بە پارێزەوە بجووڵێتەوە. ئەم قسەیە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم ڕژێمە تەنانەت بەراورد ناکرێت بە تاڵیبانیش. ئەوان ئێستە هەوڵی ئەوە دەدەن خۆیان لەناو سیستمی جیهانیدا جێگیر بکەن و بەداخەوە سیستمەکەیش وەها سووک و سەلیم و کاپیتالیستی بووە، دوور نییە درەنگ یان نزیک لە کۆشکی ئیلیزێ یان کۆشکی سپی، موجاهیدانی بادغەیس و کابول ببینین.

لاساریی تاران وایکردووە، پاش ئەو هەموو لێدان و لەناوچوونەی ژێرخان و کارخانەی پیشەسازی و باڵەخانە و پرد و… هێشتا خۆی بە براوە بزانێت، ئەمە ئەو تراجیدیل گاڵتەجاڕانەیە کە ناوچەکە و خەڵکی وڵاتانی دراوسێ و کورد لە ڕۆژهەڵات و باشوور، تووشی بوونە. ئەم تایبەتمەندییانەی ئەم ئایدۆلۆجیا ئاخرزەمانییە وایکرد تەنانەت دەست نەپارێزێ لە هیچ دراوسێیەکی، بە سعوودیەیشەوە کە هەم سیستمی بەرگریی هەیە و هەمیش وەک ڕووگە زیاتر لە یەک ملیار مسوڵمانی جیهان وەک خاكی پیرۆز بە ڕێژەیی دەیبینن. ئەمە جگە لە قەتەر، ئوردن، بەحرەین، عەمان، ئیمارات و کوەیت و…

ڕاستییەکانی ئەو شەڕە و لێکەوتەکانی ئەوەیە کە ئەمەریکا و هیچ وڵاتێک ناتوانێ ببێ بە قەڵغانیی ئاسنینی تۆ، ڕاستە ئەو وڵاتانە بەهۆی سیستمی بەرگریی ئەمەریکاوە بەشێک لە خەسارەکانیان پووچەڵ کرایەوە، بەڵام تێكچوونی باری ژیان و ڕێڕەوی ئابووری و گەشتیار و ژینگەی ڕۆژانەیان، دەبێت ئەم ڕاستییەی بۆ سەلماندبن، ئەگینا داهاتوویەکی لێڵ و ناڕوون لە بەردەمیاندا دەبێت. من دەڵێم دەبێت بەخێرهاتنی سەردەمێک بکەین کە کورد لە کرداردا ئیتر پشت بە هیچ کەس نابەستێت، نە نائومێدی دەوێت و نە خۆشحاڵیش (هەندێک کەناڵی بەناو ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنەگر، بە خۆشحاڵییەوە زەنگی لێدان لە هەرێم و هەلهەلەی خۆشی دەکێشن!) بەڵكوو واقیعبینی و باوەڕمەندیی دووبارە بە ئیرادەی کوردانەی دەوێت.

ئێمە سەردەمێک تەنیا چیاکان دۆستمان بوون و ئێستەیش و لە فەزا و کۆنتێکستی تردا دەتوانین هەر بەم تێزەوە بچینە پێشەوە. ئێمە بەبێ ئیرادەگەرییەکی سەردەمیانە و یەکخستنی ماڵی خۆمان و ناسینی دوژمن، بە دڵنیاییەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ لە خەونەکانمان دوور دەکەوینەوە. دیپلۆماسیی نەرمی هەرێم و سیاسەتی پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ڕێک ئەو ڕێچکەیەیە کە ئەگەر گشتگیر و فرەلایەن بکرێتەوە، هەمان تێزی سەرەوەیە لە کۆنتێکستە مەدەنی و سەردەمیانەکەیدا.

ئێران دوای ئەم شەڕە ئێرانەکەی جاران نابێت، هەروەها وڵاتانی دەوروبەریش و کۆی هاوکێشە و باڵانسی هێز لە جیهاندا، گۆڕانی بەسەردا دێت. ئەوەی دەمێنێتەوە هێرشێکی ناو بە ناوە کە دەبێت کورد خۆی بۆ ئەمە زیاتر تەیار بکات و هەم لە ڕێڕەوی یاسایی و دیپلۆماسییەوە و هەمیش لە ڕێڕەوی هێز و گوتاری بەرگرییەوە، بەگژیدا بچێتەوە، وەک سەرۆک بارزانی وتی، باوەڕی پێشمەرگە گەورەترین چەکێتی و بێگومان ئەو چەکە لە هەر سیستمێکی پاتریۆت و سیرام و… باشتر ئێمە دەپارێزن.

بێگومان لە پالی وشیاریی نەتەوەیی و هەبوونی پرۆژەی وشیاریی بە شێوەیەکی ستراتیجی، کوردستان دەتوانێ پاش یەکلابوونەوەی ئەم شەڕە ڕۆڵێكی بەهێزتر و کاریگەرتر بگێڕێت. هەر بۆ زانیاریی ئەوانەی بە کێشاندنەوەی سیستمی پاتریۆت دڵخۆشن، ڕووشکێنانە دەڵێم: سیستمی سیرام هەر ماوەتەوە و ئەو هێرشانەی پووچەڵ کراونەتەوە لەڕێگەی ئەو سیستمەوە بووە و پاتریۆت تا ئێستە بەكار نەهاتبوو، ئیتر نان و پیازی شامسارئاسای پێوە مەخۆن!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *