ئەمڕۆ سێشەم 28ی تەمووزی 2026، تەرمی پۆلیسێکی نەوت و کانزاکانی گەرمیان بەناوی زێدان محەمەد لەدایكبووی ساڵی 1980 کە دوێنێ شەو لە شارەدێی جەبارە دیارنەمابوو، دۆزرایەوە. بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی “وشە”، پۆلیسەکە بەهۆی کێشەیەکی داراییەوە لەلایەن چوار کەسەوە کوژراوە کە کەسوکاری بەڕێوەبەری ناحیەی جەبارەن و یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش گوتاربێژی مزگەوتە، هاوکات خودی بەڕێوەبەری ناحیەکەش هەڵاتووە.
سەرچاوەیەکی تایبەت کە ئاگاداری ڕووداوەکەیە، بە “وشە”ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ شەو پۆلیسەکە دیارنامێنێت، خێزانەکەی دەزگا تەناهییەكان ئاگادار دەکەنەوە. نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمەکەی لە نێوان شارۆکەی کفری و ناحیەی جەبارەدا دۆزرایەوە.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، دوای دۆزینەوەی تەرمەکە، دەزگا تەناهییەكان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و لە ڕێگەی چەند سەرەداوێکەوە بۆیان دەرکەوتووە کە پۆلیسەکە لەلایەن دوو برا و دوو ئامۆزای عەبدولکەریم ساڵح، بەڕێوەبەری شارەدێی جەبارەوە کوژراوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، دوو برا تۆمەتبارەکەی بەڕێوەبەری ناحیەی جەبارە لە گوندێکدا گرتراون. دوو ئامۆزاکەی تریش لە کاتی هەوڵدان بۆ گرتنیان لە ماڵی بەڕێوەبەری ناحیەکە بوون، بەڵام بەڕێوەبەری ناحیەکە هەڵاتووە و شوێنی نادیارە.
سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، پۆلیسەکە بڕی 15 ملیۆن دیناری لای تاوانبارەکان بووە و چەند جارێک داوای پارەکەی کردووەتەوە، بەڵام ئەوان بەردەوام ئەمڕۆ و بەیانییان پێ کردووە. دواجار دوێنێ شەو، چوار کەسەکە بە فێڵ بانگی کوژراوەکەیان کردووە و دواتر کوشتوویانە و تەرمەکەیان فڕێداوە.
















Leave a Reply