عەبدوڵا ئۆجەلان: قۆناغێكی نوێی چارەسەركردنی كێشەیەكی مێژویی لە توركیا دەست پێ دەكات

بینەر: (60)

دوێنێ هاتە راگەیاندن كە پارتی كرێكارانی كوردستان دەیان بارەگە و بنكەی سەربازی لە سنوورەكانی توركیا و عێراق چۆڵ كردووە، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكی دەم پارتی، عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گیراوی پەكەكە، سەبارەت بە ئامادەسازییەكانی پەرلەمانی توركیا بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە چارەنووسی ئەندامانی پەكەكە رای گەیاند كە قۆناغێكی نوێی چارەسەركردنی كێشەیەكی مێژویی لە توركیا دەست پێ دەكات.

قسەكانی ئۆجەلان لە بەیاننامەیەكی شاندی دەم پارتیدا هات، كە ئەمڕۆ دووشەم بڵاو كرایەوە، شاندەكە دوێنێ یەكشەم لە گرتووخانەی دوورگەی ئیمرالی چاویان بە ئۆجەلان كەوتبوو، شاندەكە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە لەگەڵ ئۆجەلان كۆبوونەتەوە و ئەو هەڵسەنگاندنی دۆخەكەی كردووە و باسی هەنگاوەكانی ئێستە و ئەرك و بەرپرسیارەتییە مێژووییەكانی بۆ قۆناغی داهاتوو كردووە، پەیامێكیشی ئاراستە كردووە.

بەپێی بەیاننامەكە ئۆجەلان گوتوویەتی، گەشتی هەزار كیلۆمەتر بە هەنگاوێك دەست پێ دەكات، بەو یاسایەی بڕیارە لە پەرلەمانی توركیا پەسند بكرێت، دەست بە گەشتێك دەكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی مێژوویی، ئێمە لە سەرەتای قۆناغێكی دیموكراتیداین كە لە گرنگییەكەی لە دامەزراندنی كۆماری توركیا كەمتر نییە، ئەو هەنگاوە تەنیا بۆ كورد پێویست نییە، بەڵكو بۆ هەموو ئەوانەی لەسەر ئەو خاكە دەژین پێویستە و كار لە چارەنووسی وڵات و ناوچەكە دەكات.

شایەنی باسە چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی ئەم هەفتەدا حزبەكانی پەرلەمانی توركیا پێشنیازی یاسایەكی كاتی و سەربەخۆ بۆ رێكخستنی پرسی “توركیایەكی بێ تیرۆر” پێشكەش بكەن، باسی میكانیزمی گەڕانەوەی ئەندامانی پەكەكە بۆ توركیا دەكات، لەگەڵ تەواوكردنی خۆهەڵوەشانەوە و چەكدانانی حزبەكە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *