سێنتكۆم: پرۆسەی دابەشكردن و گۆڕینی هێزە سەربازییەكان لە ناوچەكە بەردەوامە

بینەر: (69)

لە ماوەی دواییدا باسی ئەوە دەكرێت كە هێزەكانی ئەمەریكا لە فڕۆكەخانەی هەولێر و بنكە سەربازییەكانیان لە هەرێمی كوردستان پاشەكشە دەكەن، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی لادەبەن، بابەتەكەش زیاتر پێوەندیی بە كشانەوەی ئەمەریكایە لە عێراق كە رێككەوتنی لەسەر كراوە و كۆتایی مانگی ئەیلوول دوا وادەیە، بەرپرسێكی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا ئاماژە دەكات كە پرۆسەی دابەشكردن و گۆڕینی هێزە سەربازییەكان لە ناوچەكە بەردەوامە.

ئەو بەرپرسە دەڵێت، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا بە شێوەیەكی خولی جێگۆڕكێ بە هێز و ئامرازە سەربازییەكانی ئەمەریكا بۆ بەجێگەیاندنی ئەركە راسپێردراوەكان دەكات، لەگەڵ ئەوەش بە هۆكاری پێوەندیدار بە ئاسایشی ناوخۆیی و نهێنیپارێزی و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان باسی ئەو گۆڕانكارییانە ناكرێت.

بەم دواییە كیفاح مەحموود راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆك بارزانی بە “شەرقولئەوسەت”ی راگەیاند، بەڵێ پرۆسەی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا هەیە و ئەو بابەتە كتوپڕ نییە، ماوەی چەند مانگێكە هێزەكانی ئەمەریكا خەریكی خۆسازدانن بۆ كشانەوە، بەڵام هێزەكانی ئەمەریكا هەموو سەكۆكانی بەرگریی ئاسمانییان نەكشاندووەتەوە و بەشێكی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە هەرێم ماوە.

روونی كردەوە، ئەو راپۆرتانەی باس لە پاشەكشەكردنی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ورد نین و خراپحاڵیبونێكی زۆریان تیادایە، ئەو هێزانەی ئەمەریكا پێشتر لە بنكەكانی عەین ئەسەد و ئەوانیتر بوون، لە چەند مانگی رابردوو بەپێی رێككەوتن لەگەڵ هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێم بەرەو بنكەی حەریر لە هەولێر كشابوونەوە، ئەو هێزانەی كە پێشتر كشابوونەوە، ئەمڕۆ خەریكی كشانەوەی یەكجارین لە عێراق بەرەو بنكە سەربازییەكان لە وڵاتانی تر.

دووپاتی كردەوە، كشانەوەی ئەو هێزانە، هێزەكان و كەرەستەی سەربازی و سەكۆی بەرگریی ئاسمانیش دەگرێتەوە، هەرێمی كوردستان بنكەی سەربازیی ئەمەریكی بە مانای باوی تیادا نییە، بەڵكو ئەوان كۆمەڵێك شارەزان و سەرپەرشتیی مەشق و راهێنانی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لەوانە هێزی پێشمەرگە دەكەن، جیا لەوە گەورترین كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێرە و پێویستی بە پاراستنی ئاسایشی و بەرگریی ئاسمانی هەیە، بەتایبەتی كە بە بەردەوام لە لایەن ئێران و گرووپەكانیەوە دەكرێتە ئامانج.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *