لەم رۆژانەی دواییدا زۆر کەس بانگەشەی ئەوە دەكەن کە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پشت لە هەرێمی کوردستان دەکەن، هەندێك كەس و میدیا تەنانەت ئاوازی ئەوە بە نووسینەكانیانەوە دیارە كە خۆشحاڵن بەو بانگەشەیەی دەیكەن، بەڵام ئەوانەی وا دەزانن هەرێمی کوردستان بەجێدەهێڵدرێت، دەتوانم بڵێم تەنیا لە وەهمدا دەژین و هەوڵ دەدەن نائارامی و ئاژاوە لە هەرێمەكەدا بڵاو بکەنەوە. ئاخر هەرێمێك کە سەتان دۆخی ناخۆش و نائومێدكەری لە سەت ساڵی ڕابردوودا تێپەڕاندبێت و بە خوێنی گەلێک بنیات نرابێ و خەڵکەکەی بەردەوام قوربانیی بۆ بدەن، بۆ ئەوەی بە ئازادی و کەرامەتەوە بژین، چۆن وا لەرزۆك دەبێت، پاشان ئەو كەس و میدیایانە كە گوایە كوردیشن، بۆچی خۆشحاڵن بە پێشهاتێكی وا كە نەك هەرێم، بەڵكوو دەوڵەتی گەورەیشی خستووەتە دڵەڕاوكێوە.
ئەم خاکە هی كوردە، بە خوێنی زیاتر لە 200 هەزار شەهید ئاو دراوە، بۆیە هەرگیز ئاسان نییە هیچ لایەنێک بتوانێت مافی ئەم گەلە لەسەر خاکەکەی بسێنێتەوە، خۆ ئەوە ڕوونە كە هەرێمی كوردستان هیچكات ئەرخەیان نەبووە و هەمیشە هەر چوار لای دوژمن بووە، پاتریۆتیش نەیپاراستووە هەتا ئەگەر هەڵگیرێ ئیتر بكەوێ. پێم وایە سیستمی پاتریۆت تا ئێستەیش بەكار نەخرابوو هەتا هەڵگرتنەوەی ترس بڵاو بكاتەوە، چونكە هی ئەمەریكایە و بەپێی بەرژەوەندی خۆی دەیگوازێتەوە، بەڵام ئێمەیش خاكی خۆمانە و بەپشتیوانی هاوپەیمانانمان بە پارێزراوی دەیهێڵینەوە و بەرگریی لێ دەكەین، هەرچەندە حكوومەتی هەرێم زۆر ژیرانە خۆی و پێوەندییەكانی پاراستووە و نەچووەتە ناو هیچ شەڕێكەوە و هیچ مەترسییەكی ڕاستەوخۆ لە ئارادا نییە.
سەرکردایەتی کورد لە هەرێمی کوردستان نەخەوتووە، بە پێچەوانەوە، بە هەموو هێزی سیاسی و دیپلۆماسی خۆی کار بۆ بەهێزڕاگرتنی هەرێم و دوورخستنەوەی لە بازنەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كردووە. کوردستان ئێستە بووە بە خاڵێکی گرنگی ستراتیجی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زۆر لە پێوەندی و ڕێکخستنەکانی ناوچەکە لێرەوە بەڕێوە دەچن. لە مانگەكانی ڕابردوویشدا دەركەوت تاكە دەرچەیە بۆ ئابووری عێراقیش.
جیاوازیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق یان زۆربەی وڵاتانی دەوروبەری زۆر گەورەیە، هەرێم لە ڕووی ئابووری، ئاسایش، سیاسی و دیپلۆماسییەوە توانای تایبەتی هەیە، هێزی سەربازیی میلیشیایی نییە تا مەترسیی دروست بكەن و لە دەرەوەی فەرمانی حكوومەت كار بكەن، بەپێچەوانەی عێراق، لبنان، سووریا و وڵاتی تریش كە حكوومەت لە لایەكە و میلیشیای تریش هەن كە بە رێنوێنی دەرەكی كۆی وڵاتەكە دەخەنە مەترسییەوە و دوژمن بۆ گەلەكەیان دروست دەكەن. هەروەها لۆبی کوردستانیش بە شێوەیەکی چالاک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا کار بۆ پشتگیریی هەرێمەكە و ئاشتی و ئارامیی دەكەن، ئیتر لەچی بترسین؟
لەبەر ئەم هۆیانە و گرنگتریش خاڵیش كە خەڵكی كوردستان لە شەڕی داعشدا سەلماندی بە سەر و ماڵەوە ئامادەی بەرگرییە لە كیانەكەی، هەرێمی کوردستان بووە بە ڕاستییەکی سیاسی و یاسایی کە وڵاتانی جیهان و دراوسێ بە فەرمی دەیناسن و وەك گۆڕەپانی كورد چاوی لێ دەكەن، لە سەرووی هەموویانەوە ئەمەریكا بایەخی زۆر تایبەتی پێداوە و گەورەترین ناوەندی دبلۆماسیی تێدا ئاوا كردووە، هەمیشەیش لە مەترسیی گەورە پاراستووینی، بۆیە ئەوانەی دەهۆڵی ڕووخانی هەرێمی کوردستان لێ دەدەن و وا دەزانن هاوپەیمان و دۆستەکانی پشتی تێ دەکەن، بە ڕاستی لە وەهمدا دەژین و ئامانجیان تەنیا دروستکردنی ئاژاوە و تێکدانی ناوخۆییە.












Leave a Reply