دادگا و دەزگا دادییەكان لە هەر وڵات و كۆمەڵگەیەكدا، وەك كۆڵەكەی سەرەكیی پاراستنی مافەكان و سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی تەماشا دەكرێن. كاتێك ئەم دامەزراوانە سەربەخۆیی خۆیان لە دەست دەدەن و دەبنە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای سیاسیی حزبێك یان گرووپێكی دیاریكراو، ئیتر كۆمەڵگە بەرەو لێواری هەڵدێر و بێسەروبەری هەنگاو دەنێت.
گەورەترین زەنگی مەترسی بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە دەسەڵاتی دادوەری لە ژێر هەژموونی سیاسییەكاندا بێت. ئەوەی دۆخەكە پڕمەترسیتر و نائومێدتر دەكات، ئەوەیە كە دەبیستین سەركردەی حزبێك خۆی، بە دەنگی بەرز هاوار دەكات و دەڵێت: “دادگاكان سەربەخۆ نین!”. ئەم ددانپێدانانە، گەورەترین خەنجەرە لە جەستەی دادپەروەری دەدرێت و متمانەی هاووڵاتی بە یاسا بەتەواوی ناهێڵێت.
پەككەوتنی پەرلەمان و غیابی چاودێرییەكی كارا و راستەقینە، هۆكاری سەرەكین بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری بكەوێتە ژێر سێبەری حزبەوە. كاتێك چاودێری نەبوو، یاسا دەكرێتە پەردەیەك بۆ شاردنەوەی تاوانەكان و سڕینەوەی ركابەرە سیاسییەكان. ئەوەی لەمدواییانەدا بینیمان، لە ئەشكەنجەدانی دڕندانەی گەنجێك و بێبەشكردنی لە مافە مرۆیی و جەستەییە سەرەتاییەكانی، تەنیا تاوانێكی ئاسایی نییە، بەڵكو سەرەتای كارەساتێكی گەورەیە. بێدەنگی لە ئاست ئەم جۆرە كردەوانە، رێگەخۆشكەرە بۆ دووبارەبوونەوەیان و گۆڕینی هەرێمی كوردستان بۆ جەنگەڵێك كە تێیدا تەنیا “هێز” بڕیار دەدات، نەك “یاسا”.
















Leave a Reply