لیژنەی باڵای تەناهیی عێراقی ئێرانی تاوتوێی تەناهیی سنوورەكان دەكات

بینەر: (1.1K)

هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و ئاڵۆزییە ناوخۆییەكانی ئێران، تاران بە پاساوی جیاواز پەنای بۆ بۆردمانكردنی هەرێمی كوردستان برد، دوای گفتوگۆی عێراق و ئێران بۆ كۆتاهێنان بەو بۆردمانانە، لیژنەیەكی باڵای تەناهیی هاوبەش هاتە پێكهاتن، كە ناوە ناوە كۆ دەبێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەناهیی سنوورە هاوبەشەكان دەكات.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ئەمڕۆ لیژنەكە لە بەغدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات كۆبووەتەوە، تاوتوێی چەند دۆسیەیەكی تەناهیی هاوبەشیان كردووە، لەپێشەوەیان جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی تەناهیی نێوان هەردوو وڵات، جیا لە باسكردنی پەرەسەندنەكانی دۆخی تەناهیی ناوچەكە.

هەردوولا دووپاتیان لە بەهێزكردنی هاوئاهەنگیی هاوبەش و توندكردنی رێوشوێنەكانی پاراستنی سنوورەكان و رێگرتن لە دزەكردن و جموجۆڵی چەكداران لە سنوورەكان كردەوە، رێككەوتن كرا بە بەردەوامیی هاوئاهەنگی و وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست و چارەسەركردنی ریشەیی بوونی حزبەكانی رۆژهەڵات لە عێراق، قاسم ئەعرەجی دووپاتی كردەوە كە عێراق رەتی دەكاتەوە ببێتە سەرچاوەی ناسەقامگیری و هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *