دوای پێنج مانگ لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، هەفتەی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كتوپڕ عەلی زەیدی وەك كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاند و راستەوخۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق هاتە راسپاردن، دوای گفتوگۆیەكی خێرا لەگەڵ هێزە سیاسییەكان، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەندامانی كابینەكە لە پەرلەمان بخاتە روو بۆ دەنگدان لەسەری.
ئەمڕۆ دووشەم فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەك رای گەیاند كە ئەمڕۆ پەرلەمان بە سەرۆكایەتیی هەیبەت حەلبووسی و ئامادەبوونی 217 ئەندام دانیشتنێكی ئاسایی ساز كرد، لە سەرەتای دانیشتنەكە حەلبووسی ئاماژەی كرد كە لە كۆتایی ئەم هەفتە پەرلەمان كارنامەی حكوومەتی نوێی عێراق لە عەلی زەیدییەوە رادەست دەكرێت، كە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ راسپێردراوە، بۆ تاوتوێكردنی لە لایەن هەردوو لیژنەی پلاندانانی ستراتیجی و كارنامەی حكوومی.
زیاتر گوتی، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ناوی ئەندامانی كابینەی ویزاری حكوومەتی نوێ بخرێتە روو بۆ دەنگدان لەسەری لە پەرلەمان. لای خۆیەوە محەمەد شمەری پەرلەمانتار گوتی، عەلی زەیدی كاتی پێویستی بەدەستە بۆ یەكلاكردنەوەی پێكهاتەی كابینەی حكوومەتەكەی و پێشكەشكردنی بۆ پەرلەمان لە ماوەی دەستووریی دیاریكراودا، ئەو بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی راگەیاندووە كە بە نیازە لە 9ی ئەم مانگە ناوی ئەندامانی كابینەكەی پێشكەش بكات، بۆیە پەرلەمانی عێراق لە هەفتەی داهاتوو دانیشتنێك بۆ دەنگدان و متانەدان بە كابینەی نوێی حكوومەت ساز دەكات.
















Leave a Reply