هاوكات لەگەڵ پاڵپشتیكردنی تەواوی هێزە سیاسییەكانی عێراق بۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، دانوستانەكان بەردەوامن، بەتایبەتی لەناو ماڵی شیعە، هەروەها زیادكردنی چەند پۆستێك بۆ رازیكردنی چەند كەسایەتییەكی سیاسی، بۆیە پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو زەیدی كابینەی حكوومەتەكەی بە تەواونەكراوی پێشكەش بكات.
ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە كارنامەی حكوومەتەكەی زەیدیان رادەست دەكرێت و هەفتەی داهاتووش لە دانیشتنێكی پەرلەمان دەنگ لەسەر كابینەی حكوومەتەكەی دەدرێت، هاوكات كورد و سوننە پاڵپشتییان لە پێكهێنانی كابینەكە پێشان داوە و بڕیارە بەم نزیكانە ناوی كاندیدی خۆیان بۆ وەزارەتەكان پێشكەش بكەن.
سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی، جموجۆڵی ناو هێزە سیاسییەكان و لیژنەی پێوەندیدار بە پێشكەشكردنی كاندیدی وەزارەتەكان و دابەشكردنیان بەرەو دیاریكردنی سێ یان چوار جێگر بۆ سەرۆك وەزیران دەچێت، هەندێكیان بۆ رازیكردنە، یەكێكیان موحسین مەندەلاوییە كە دەوڵەتی یاسا پاڵپشتی دەكات و ئەوەی تر موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزمی سوننە و سێیەم فوئاد حوسێن لە پارتی دیموكراتی كوردستان، جیا لە جێگرێكی تریش.
بەپێی سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی، زۆرینەی هێزە سیاسییەكان ناوی كاندیدانی خۆیان بۆ پۆستە وەزارەتییەكان و دەستە سەربەخۆكان پێشكەش كردووە، ئێستە تیمەكەی زەیدی و لیژنەی تەكنیكیی چوارچێوە خەریكی تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی ناوەكانن، هاوكات بودوور نازانرێت كە بەهۆی بەردەوامبوونی ناكۆكییە سیاسییەكان لەسەر هەندێك وەزارەتی سەروەری و خزمەتگوزاریی گرنگ، زەیدی كابینەی حكوومەتەكەی بە تەواونەكراوی پێشكەش بكات، واتە زیاتر لە نیوەی وەزیرەكانی.
















Leave a Reply