کابینەیەک کە لەبری چارەسەر، قەیران بەڕێوە دەبات!

بینەر: (1)

هەڵات ئەحمەد حەمە

دەرزیلێدانی بەنج لە کەسێکی سەرەمەرگدا پزیشکی نییە، بەڵکو درێژکردنەوەی ئازارەکانیەتی بۆ ئەوەی بکوژەکە کاتی زیاتری هەبێت گۆڕەکەی بۆ هەڵبکەنێت! کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک کاری حوکمڕانی ناکات، بەڵکو بووەتە کارگەیەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنان و دواتر “بەڕێوەبردنی قەیرانەکان”. کاتێک گوێت لە وشەکانی “کۆبوونەوەی نائاسایی و ژووری ئۆپەراسیۆنی قەیرانەکان” دەبێت ، بزانە کە ئەم سەرکردە فەنتەڵۆسانە خەریکی چنینی درۆی نوێن بۆ ئەوەی مانگێکی تر تەمەنی خۆیانی پێ درێژ بکەنەوە. ئەوان خۆیان قەیرانی مووچەی ١.٢ ملیۆن فەرمانبەریان دروست کردووە و داهاتی وڵاتیان تاڵان کردووە ، کەچی دواتر بە چاوقایمییەوە لەسەر شاشەکان دەردەکەون و وەکو پاڵەوان خۆیان نیشان دەدەن کە گوایە خەریکی “بەڕێوەبردن و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانەکەن

هیچ دزێک ئارەزووی کڕینی قفڵێکی باش ناکات بۆ ئەو ماڵەی کە خۆی شەوانە تاڵانی دەکات! ئەو بنبەستە سیاسییەی کە لە نێوان پارتی و یەکێتی، یان لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە، بە ڕێکەوت یان بەهۆی بێتواناییەوە دروست نەبووە، بەڵکو دۆخێکی بە ئەنقەستە بۆ هێشتنەوەی سیستەمەکە لە دەرەوەی یاسا. منداڵە لوسکەکان و خاڵۆژن و پورەکانی دەسەڵات لەم پشێوییەدا دەوڵەمەند دەبن، چونکە ئەگەر قەیرانەکان چارەسەر ببن و دامەزراوەکان بکەونە کار، ئیتر ئەوان ناتوانن دەروازە سنوورییەکان قۆرخ بکەن و نەوت بە قاچاخ بفرۆشن. لە کاتێکدا سەرۆکی کابینەکە بە شان و باڵی “چاکسازی و دەستکەوتە وەهمییەکانیدا” هەڵدەدات ، خەڵکی داماو لەناو قەیرانی بێکاری و بێمووچەییدا خنکاوە؛ ئەوان قەیرانەکە چارەسەر ناکەن، تەنها ڕێژەی ئۆکسجینەکە هێندە کەم دەکەنەوە کە خەڵک نەمرێت، بەڵام توانای هاوارکردنیشی نەمێنێت!

هەڵگرتنی دروشمی ڕزگاری لەلایەن ئەو کەسەی خۆی تۆی خستووەتە ناو زەلکاوەوە، قێزەوترین جۆری سوکایەتیکردنە بە هۆشیاریی مرۆڤ. : شەڕ بۆ ئەوە هەڵناگیرسێت کە ببرێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە بەردەوام بێت؛ چونکە مانەوەی دەسەڵاتی چینایەتی، تەنها لەسەر بنەمای هێشتنەوەی کۆمەڵگا لە هەژاری و نەفامیدا دەتوانێت پایەکانی خۆی ڕابگرێت. کابینەی هەرێمیش ڕێک هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات؛ ئەوان نایانەوێت قەیرانەکان کۆتاییان بێت، چونکە چارەسەرکردنی قەیران واتە سەقامگیری، سەقامگیریش وادەکات هاوڵاتی چاوی بکرێتەوە و داوای شەفافیەت و دادپەروەری بکات. هێشتنەوەی وڵات لەوپەڕی قەیراندا، باشترین گەرەنتییە بۆ ئەوەی خەڵک لەبری ڕاپەڕین، تەنها تکا بۆ چارەکە مووچەیەک بکات!

ژەهر هەرگیز نابێتە دەرمان، تەنانەت ئەگەر لەناو قوتوویەکی زێڕینیشدا پێشکەشت بکرێت! ئەی ئەو گەلەی کە بوونەتە تاقیگەیەک بۆ شکست و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم مافیایانە، ئیتر باوەڕ بە درۆی “ژووری ئۆپەراسیۆن و کۆبوونەوەی چارەسەر” مەکەن! هاوار بکەن بە ڕووی ئەم دەسەڵاتەدا کە نان و کەرامەتی ئێوەی کردووەتە سوتەمەنی بۆ مانەوەی خۆی لەسەر کورسی. ئەو مێزە بڕووخێنن کە لەسەری بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی نەهامەتییەکانتان دەدرێت. چاوەڕێی ئاگرکوژێنەوە مەکەن لە کەسێک کە خۆی ئاگری لە ماڵەکەتان بەرداوە؛ ڕاماڵینی ئەم بازرگانانەی قەیران، تاکە هەنگاوە بۆ ئەوەی ئەم نیشتمانە لە مردن ڕزگاری بێت!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *