زەردەشت عەبدوڵڵا
کاتێک گوێت لە وشەکانی “بڕیاری حەکیمانە، سیاسەتی حەکیمانە، یان پاراستنی قەوارەی هەرێم” دەبێت، بزانە کە دەسەڵات خەریکی داپۆشینی شکستێکی گەورە یان قومارکردنە بە چارەنووسی نەتەوەیەکەوە! لێرە، گەیشتن بە لێواری داڕمان بە ڕێکەوت ڕوو نادات و قەیرانە چارەنووسسازەکانیش لە ئاسمانەوە نەهاتوون؛ بەڵکو “سەرکێشیی سیاسی و بێباکی بەرامبەر دەرئەنجامەکان” خۆی لە خۆیدا گەورەترین ستراتیژی و شێوازی حوکمڕانیی پارتی و یەکێتییە. ئەوان فێربوون کە باشترین ڕێگە بۆ مانەوە لە دەسەڵات و پەردەپۆشکردنی گەندەڵییەکانیان، “دروستکردنی قەیرانی دەرەکی و خستنە مەترسیی قەوارەی هەرێمە”. بۆیە دەبینین هیچ بڕیارێکی ئەم سەرکردایەتییە لە بەرژەوەندیی خەڵک نییە، لە وەستاندنی هەناردەی نەوتەوە بگرە تا دەگاتە داخستنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەت!
با سەیری قەیرانی سەرکردایەتی بکەین. بۆچی دوای دەیان ساڵ لە حوکمڕانی، هێشتا قەوارەی هەرێم لە بەردەم هەڕەشەی لەناوچووندایە و هاوڵاتی نازانێت سبەینێ چی ڕوودەدات؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە کوردستان پێگەی ستراتیژیی نییە؟ نەخێر، ڕۆژانە سامان و پێگەی ئەم وڵاتە دەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی حیزبی و بازرگانی، بەڵام بڕیاری دروست نادرێت چونکە “سەرکردایەتیکردن بە عەقڵیەتی دیوەخان و تاڵانکاری” باشترین چەکە بۆ ئەوەی حیزبەکان سەروەریی خاکی کوردستان بکەنە مامەڵەیەک بۆ هێشتنەوەی کورسییەکانیان، نەک بۆ پاراستنی نیشتمان. کاتێک تۆ سیاسەت دەکەیتە قومار و بڕیارەکان لە ژوورە تاریکەکانی مەکتەبی سیاسییەوە دەدەیت، دەبێت چاوەڕێی وێرانبوونی وڵاتیش بکەیت!
هەمان سیاسەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێش جێبەجێ دەکرێت. لەبری ئەوەی ئەم سەرکردایەتییە هێز لە ناوخۆ و لە گەلەکەیەوە وەربگرێت، پەنا دەباتە بەر خۆبەدەستەوەدان و سازشکردن لەسەر مافەکانی خەڵک. پارتی و یەکێتی ئەم قەیرانانە بەکاردهێنن نەک وەک شکستی دیپلۆماسی، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ “سەپاندنی باج و بڕینی مووچە” لە ناوخۆ، و درێژەدان بە بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان بە بیانووی پاراستنی قەوارەکە! ئەوان قەوارەکە دەخەنە مەترسییەوە، ڕادەستی وڵاتانی دراوسێی دەکەن، و پاشان وەک پاڵەوانی نیشتمانی بەسەر میللەتی دەفرۆشنەوە.
تەنانەت کاتێک باس لە “چارەسەر و ڕێککەوتن” دەکرێت، ئەم دەسەڵاتە تەنها کات دەکوژێت بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی شكستی حوکمڕانی لەناو بەیاننامە بێماناکاندا بزر بکات. کێشەی هەناردەنەکردنەوەی نەوت، لاوازیی پێگەی هەرێم لە عێراق، و داخستنی پەرلەمان بە مەبەست بە هەڵپەسێردراوی دەهێڵرێنەوە، تا خەڵک بێهیوا ببێت و قبوڵی بکات کە ئەم وڵاتە بەرەو هەڵدێر دەڕوات و تاکە هیوایەکیش بۆ ڕزگاربوون تەنها لە “سەرکردە فاشیلەکانەوەیە!”
“ئەوانەی گۆڕانکاریی ئاشتیانە مەحاڵ دەکەن، شۆڕشی توندوتیژانە حەتمی دەکەن.” ئەمڕۆ سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی بە زەبری “قومارکردن بە چارەنووسی گەلەوە” دەیانەوێت ڕاستییەکانی شکستەکەیان بشارنەوە و کەرامەتی خەڵک بشکێنن.
















Leave a Reply