وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ركۆنه‌ی هێرشی گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران له عێراق بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و داوای ده‌ستكردنی حكوومه‌تی به‌غدا به جووڵه له دژی میلیشیاكان ده‌كات. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد، كه به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی سێشه‌م مارك رۆبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به ته‌له‌فۆن گفتوگۆی كردووه و به توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی كردووه كه گرووپه چه‌كداره‌كانی ئێران له عێراق له ناوخۆی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه هاتووه، هه‌ردوولا دووپاتیان له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی توند له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق كرد، بۆ گه‌ره‌نتی سه‌لامه‌تی نێرده دیپلۆماسییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و دامه‌زراوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق. بۆ ڕێگرتن له هێرشه‌كانیش وه‌زیری ده‌ره‌وه داوای جموجۆڵی كرده‌یی له به‌غدا كردووه.
له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌هه‌مانشێوه ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، كه سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گفتوگۆی كردووه و دووپاتی له پابه‌ندبوونی عێراق به پاراستنی نێرده دیپلۆماسییه‌كان له‌سه‌ر خاكی عێراق كردووه‌ته‌وه و دواتر دۆخی ناوچه‌كه و دواپێشهاتهكانیان تاوتوێ كردووه.















Leave a Reply