هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان خۆیان رێكخستووەتەوە و چاوەڕێن دۆخەكە وا بكەوێتەوە تا بەهێزەوە بگەڕێنەوە، لە بەیاننامەیەكی هاوبەشیشیاندا دەڵێن: ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بەردەم چارەنووسسازترین ڕۆژەكانی خۆیان دان.
هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی كوردستان چڕ بووەتەوە و بەپێی ئامارەكانیش، زۆرترین هێرش لەسەر سنە و كرماشانە و ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەو دوو وڵاتە، گەرەكیانە بۆشایی تەناهیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دروست بكرێت و هێزەكانی كورد بتوانن ئەو بۆشاییە پڕِ بكەنەوە.
دوای سێ رۆژ هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل، بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە باس لەوە دەكەن ئەگەری هێرشی وشكانی هەیە، بەڵام پێناچێت ئەو هێرشە لەلایەن سەربازی هەردوو وڵاتەكەوە بكرێت، بەڵكو ئامادەكاری بێت بۆ گەڕانەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران پێی وایە، كوژرانی خامنەیی و دەیان فەرماندەی سەربازی و سیاسیی ئێران، رووخانی رژێمی لەو وڵاتە خێراتر كردووە.
ئاماژە بەوەش دەدەن، ئەو شەڕەی لە ئارادایە شەڕی كۆمەڵگە و نەتەوەكانی ئێران نییە لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل. داواش لە هێزە چەكدارەكانی رژێمی ئێران لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، ئەم دوا دەرفەتە بۆ پشتكردنە دوژمن و هاتنە ناو بەرەی نەتەوەكەیان لە دەست نەدەن.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران رای گەیاندووە، ئەم شەڕە، شەڕی كۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەكانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل و كۆمەڵگەی جیهانی نییە، بگرە ئەوە ڕژێمی دیكتاتۆر و سەركوتگەری كۆماری ئیسلامییە كە هەموو خەڵكی وڵاتی بەبارمتە گرتووە، هەموو ماف و ئازادییەكی لێ زەوت كردوون و هەر لە بەفرانباری ئەمساڵدا هەزاران كەس لە خەڵكی ڕاپەڕیو و مافخوازی ئێرانی كۆمەڵكوژ كرد.
دووپاتیشی كردووەتەوە، ئێستە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بەردەم چارەنووسسازترین ڕۆژەكانی خۆیاندان.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران داوای لە خەڵكی كوردستان كردووە، پێ بەپێی ڕەوتی رووداوەكان پێویستە لەسەر هەست بن و وشیارانە بەرەوڕووی پێشهاتەكان ببنەوە، هەڵسوكەوتی سیاسیی خۆیان لەگەڵ داوا و ڕاسپاردەكانی هاوپەیمانییەكەیان ڕێكبخەن و ئەم هاوئاهەنگی و پێوەندییە زیندوو و بەرهەمدار بكەن.
هەروەها گوتووشیەتی، داوا لە هێزە چەكدارەكانی ڕژێم لە كوردستان دەكەین ڕیزی خۆیان لە پاشماوەكانی كۆماری ئیسلامی جیا بكەنەوە، پێیان ڕادەگەیەنین وا باشە ئەم دوا دەرفەتە بۆ پشتێكردن لە دوژمن و هەڵبژاردنی بەرەی نەتەوەكەیان لە دەست خۆیان نەدەن.















Leave a Reply