وڵاتانی كەنداو داوا لە عێراق دەكەن نەخشەكانی بكشێنێتەوە

بینەر: (1.6K)

دوای سەرهەڵدانی كێشەیەكی سنووریی ئاوی لە نێوان عێراق و كوێت، كاتێك عێراق چەند نەخشەیەكی لەبارەی سنوورە ئاوییەكانی لە كەنداو پێشكەش بە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و بواری ئاویی عێراق دیاری دەكات و بووە هۆی سەرهەڵدانی كێشە لەگەڵ كوێت، وڵاتانی كەنداوی عەرەبی پشتی كوێتیان گرت و داوا لە عێراق دەكەن نەخشەكانی بكشێنێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو پەیامێكی لەبارەی سنوور ی ئاوی لەگەڵ كوێت ئاراستەی حكوومەتی عێراق كرد، تیایدا ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنەكە داوای لە عێراق كرد بۆ كێشانەوەی لیستی داتا و نەخشەی دراو بە نەتەوە یەكگرتووەكان كە تیایدا بواری ئاوی عێراق دیاری دەكەن، چونكە دەستوەردانە لە سەروەریی كوێت و بوارە ئاوییەكەی.

پەیامەكە دووپات لە گرنگیی پەنابردن بۆ یاسای نێودەوڵەتی و دەقی رێككەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بوارە ئاوییەكانی ساڵی 1982 دەكاتەوە، بەو شێوەی لەگەڵ رێككەوتن و لێكگەیشتنە نێودەوڵەتییەكان و لێكگەیشتنەكانی نێوان هەردوو وڵات بگونجێت، هەڵوێستی ئەنجوومەنەكە لە پێویستی رێزگرتنی عێراق بۆ سەروەریی دەوڵەتی كوێت و یەكپارچەیی خاكەكەی جێگیرە و رەتی دەكاتەوە دەست بۆ خاك و ئاوەكەی ببرێت.

بۆیە ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو خوازیارە عێراق دەستپێشخەری بكات و بەخۆیدا بچێتەوە و لیستی داتا و نەخشەكانی لای نەتەوە یەكگرتووەكانی داناوە بكشێنێتەوە. شایەنی باسە جگە لە وڵاتانی كەنداو، هەریەك لە میسر و ئوردن ئەوانیش پاڵپشتیی خۆیان بۆ كوێت بەرانبەر بە عێراق دووپات كردەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *