بڕیارە بەمنزیكانە دەم پارتی كە هێزێكی كوردی بەشداربووی ناو پەرلەمانی توركیایە، گۆڕانكاری لە ناوخۆی حزبەكەدا بكات، بەپێی زانیارییەكان ناوی پارتەكە دەبێت بە “كۆماری دیموكراسی” و ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی پارتەكە دەگۆڕێن.
ئەگەرچی بزووتنەوەی كورد لە باكوری كوردستان زۆربەی جار لە ژێر باڵی چەپەكاندا بووە، لەو رێگەشەوە توانیویەتی خۆی دەربخات و بەرگریی لە مافە نەتەوەییەكانی كورد بكات، بەڵام ئەو بزووتنەوەییەش زیانی زۆری بە تێروانینی نەتەوەی كوردیش گەیاندووە.
جارێكی تر دەم پارتی دەیەوێ گۆڕانكاری لەناو حزبەكەیدا بكات، گۆڕانكارییەكە وەك بەرپرسانی گوتوویانە گەورە دەبێـت و گۆڕانكارییەكانی سیاسەتی كاركردن و دیدگەی پارتەكە تەنانەت ناوی پارتەكەش دەگرێتەوە.
پرۆسەی چارەسەری لە توركیا بە خێرایی بەرەوپێش دەچێت، دوای پەسندكردنی ڕاپۆرتی كۆتایی كۆمسیۆنەكە، پرۆسەكە بۆ قۆناغی ڕێكخستنەوەی ماف و سیاسەت دەگۆڕێت، لەو چوارچێوەیەدا دەم پارتی گۆڕانكاری ڕیشەیی لە پارتەكەیدا دەكات، ناوی پارتەكە دەبێت بە “كۆماری دیموكراسی” و ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی پارتەكە دەگۆڕێن، تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی پارتەكەی لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە.
دەم پارتی دەیەوێ پارتێك بێت لە چوارچێوەی كۆماری توركیا و ڕای گەیاندووە، پێویستە دیموكراسی شوێنی چەك بگرێتەوە، ئامانجی دەم پارتی كردنەوەی قفڵەكانە و دەیانەوێ ئەمە لە دیدگەی پارتەكەیان ڕەنگ بداتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی خەبەرتورك، لە قۆناغی نوێی سیاسەتی دەم پارتی، سەرجەم چالاكییە سیاسییەكان لە ژێر یەك چەتردا بەڕێوە دەچێت. ڕێكخراوە پێكهێنەرەكانی وەك كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (د.ت.ك)، كۆنگرەی دیموكراتیكی گەلان (هدك) و پارتی هەرێمە دیموكراتییەكان (دەبەپە) دادەخرێن.
هەروەها لە ناو ڕیزەكانی پارتەكەدا گۆڕانكاری بەرچاویش پلانی بۆ دانراوە. تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی دەم پارتی لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت، بەڵام نوێبوونەوەیەكی بەرچاو لەناو ئەندامانی تردا ڕوو دەدات. بڕیارە لە مانگەكانی هاویندا كۆنگرە ببەسترێت.
بەشێك لە نەتەوەییەكانی دەم پارتی نیگەرانن لە گۆڕانكارییەكە و پێیان وایە هەنگاوێكی تری دژە نەتەوەی دەنرێت، چیتر ئەو حزبە وەك حزبێكی كوردی نامێنێتەوە كە تێكۆشەرانێكی زۆر لە پێناویدا قوربانییان داوە.
پێشبینی دەكرێت پێكهاتە چەپەكان لە ژێر یەك پارتدا یەك بگرن، ئەمەش زیانێكی تر لە تێڕوانینی نەتەوەیی پارتەكە دەدات.















Leave a Reply