هەرێمی کوردستان لە نێوان حوکمی دوو حزب و خەفەکردنی دەنگی ئازادی

بینەر: (11.0K)

سالح ڕسول ڕەشید

هەرێمی کوردستان کە ڕۆژانێک وەک نموونەیەک بۆ دیموکراسی و ئازادی دەناسێنرا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەرچاو فەزای ئازادییەکان تێیدا تەنگ و بەرتەسک کراوەتەوە. لەژێر سایەی دەسەڵاتی دوو حزبە سەرەکییە دەسەڵاتدارەکە پارتی و یەکێتی، دەنگی ڕەخنەگر و ئازاد زۆرجار وەک مەترسی دەبینرێت نەک وەک بەشێک لە ژیانی دیموکراسی.

پارتی سیستەمێکی توندی ئەمنی و پۆلیسی بە شێوەیەک دامەزراندوە کە ڕەخنەگرتن لە سەرکردایەتی و بنەماڵە و بە حیزبی کردنی دام و دەزگا حوکمیەکان بە ئاسانی وەرنەگیرێت. دادگاکان لە زۆر حاڵەتدا کراون بە ئامرازێک بەدەست حزبەوە بۆ گرتن و بێدەنگ کردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان، و هەر دەنگێکی ناڕازی دەتوانرێت بە تۆمەتی وەک “تێکدانی ئاسایش” یان “سیخوڕی” ڕووبەڕووی گرتن و زیندانی کردن و کوشتن ببێتەوە. دۆسیەکانی بادینان و چەند نموونەی تر نیشانەی ئەو فەزایەن کە تێیدا وشە دەبێتە تاوان.
ھەرچی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیشدا فشاری سیاسی و هەڕەشە لەسەر چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان دیاردەیەکی بەردەوام بووە. هەر کەسێک دەست بۆ مەلەفەکانی گەندەڵی و قاچاخ یان کاروباری بنەماڵە باڵادەستەکان ببات، لە هەڕەشە و فشار و چاوسورکردنوە بێبەش نابێت، وە هەندێک جار دەنگەکەی بە تەواوی بێدەنگ دەکرێت وەک کاوە گەرمیانی و دەیانی تر.

لە کۆی گشتییەوە، ئەوەی دروست بووە سیستەمێکی دابەشکراوی دەسەڵاتە، هەر حزبێک ناوچەی خۆی بە شێوەیەکی نزیک لە کۆنترۆڵی تەواو بەڕێوە دەبات. لەم فەزایەشدا چالاکوانان و ڕۆژنامەنووس و میدیا زۆرجار لە نێوان دوو هەڵبژاردەدان، یان ستاییشی دەسەڵات بکەن، یان ڕووبەڕووی تۆمەت و فشار و کوشتن ببنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *