هەسەدە: لێدوانەكانی بەرگریی سووریا دروستكردنی پاساوە بۆ شەڕ

بینەر: (840)

دوای ئەوەی سوپای سووریا وریایی دا بەوەی هەسەدە هێز لە رۆژهەڵاتی حەلەب لە مەسكەنە و دێر حافز كۆ دەكاتەوە، هەسەدە رەتی كردەوە كەجموجۆڵی سەربازی لەو دوو ناوچەیە ئەنجام دابێت و ئەوەی لەوبارەوە دەگوترێت دەنگۆی وەزارەتی بەرگریی سووریایە و راست نییە.

ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە بەیاننامەیەك دەڵێت، وەزارەتی بەرگریی سووریا لێدوانی بەلاڕێدابەر و ناڕاست لەبارەی دۆخی مەیدانی لە دەوروبەری مەسكەنە و دێر حافز بڵاو دەكاتەوە، دووپاتی كردەوە كە هیچ جموجۆڵ و كۆكردنەوەی هێزی هەسەدە لەو ناوچانە نییە و بە پێچەوانەوە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق خەریكی جموجۆڵن.

هەسەدە دووپاتی لەوەش كردەوە كە ئەو لێدوانانەی وەزارەتی بەرگریی سووریا بۆ ئاڵۆزكردنی دۆخی ئەو ناوچانە و دروستكردنی پاساوە بۆ شەڕ، ئێمە بەرپرسیارەتیی هەر پەرەسەندنێك بەو هۆیەوە دەخەینە ئەستۆی ئەوان، وریاییش لەو رەوتەی كاركردنە بە هاندان بە ئاراستەی شەڕ دەدەین و دەست بە بژارەی هێوربوونەوە دەگرین، مافی خۆشمانە ئەوەی بۆ بەرگریكردن لە ناوچەكە و هاووڵاتییان پێویست بێت ئەنجامی بدەین.

دوو رۆژە وەزارەتی بەرگریی سووریا باسی بوونی جموجۆڵی سەربازی لە لایەن هەسەدە لە بەرەی دێر حافز لە حەلەب دەكات، هەسەدە پێی وایە ئەوەی دەگوزەرێت هاتوچۆی هاووڵاتییانە كە پێشوازیی لە بریندارانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەكەن.

شایەنی باسە ئێستە هێزەكانی هەسەدە لە چەند ناوچەیەكی ستراتیجیی لە دەشتی رۆژهەڵاتی حەلەب هەن، لەوانە لە دێر حافز كە 52 كیلۆمەتر لە شاری حەلەبەوە دوورە، جیا لە بەنداوی تشرین، كە گرنگییەكی گەورەی هەیە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *