ئه‌مڕۆ ده‌رگەى خۆكاندیدكردن بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق له په‌رله‌مان داخرا، تا ئێسته 81 كه‌س خۆیان بۆ پۆسته‌كه كاندید كردووه، به‌پێى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراق، ده‌بێت تا كۆتایى ئه‌م مانگه یه‌كێك وه‌ك سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرێت.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م، پێنجى كانوونى دووه‌می 2026، سه‌فوان گهرگهڕى ئه‌میندارى گشتیى په‌رله‌مانى عێراق راى گه‌یاند، ده‌رگەى خۆكاندیدكردن سه‌عات سێى ئێواره‌ى ئەمڕۆ داخراوه، بۆیه هیچ كه‌سێكى تر بۆى نییه خۆى كاندید بكات. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه نزیكه‌ى 81 كه‌س خۆیان بۆ پۆسته‌كه کاندید كردووه، ده‌بێت له ماوه‌ى یه‌ك مانگدا یه‌كێك ببێته سه‌رۆك کۆمار.
سیپان شێروانى په‌رله‌مانتارى پارتى له لێدوانێكى به ماڵپه‌ڕى ئاژانسى عێراقى راگه‌یاندووه، هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان له 29ى مانگى رابردوو بووه، بۆیه له‌ڕووى یاساییه‌وه ده‌بێت تا 28ى مانگ، سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرێت. شێروانى باسى له‌وه كردووه، جیا له كاندیدى یه‌كێتى، پارتیش كاندیدى خۆى هه‌یه، هه‌روه‌ها كه‌سانێكى تریش خۆیان بۆ پۆسته‌كه كاندید كردووه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى هیواى ئه‌وه‌یشى خواست، کە پارتى و یه‌كێتى یه‌ك كاندیدیان بۆ پۆسته‌كه هه‌بێت.
به‌گوێره‌ى رێککەوتنى سیاسى كه له دواى 2003وه له عێراق پێڕه‌و ده‌كرێت، پۆستى سه‌رۆك كۆمار بۆ كورده، تا ئێسته‌یش له هه‌موو خوله‌كان بۆ یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان بووه. سه‌ره‌تا له دوو خول جه‌لال تاڵه‌بانى بوو، دواتر فوئاد مه‌عسوم، ئینجا به‌رهه‌م ساڵح و دوایین سه‌رۆك كۆمار عه‌بدوله‌تیف ره‌شید بوو. ئه‌مجاره‌یش به فه‌رمى یه‌كێتى راى گه‌یاندووه، نزار ئامێدى كاندیده بۆ پۆسته‌كه.
جیا له یه‌كێتى، پارتیش دوو كاندیدى هه‌یه، ئه‌وانیش فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق و نه‌وزاد هادی، پارێزگارى پێشووترى هه‌ولێرە.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى په‌رله‌مانى عێراق بڵاوى كردووه‌ته‌وه، ئه‌و كه‌سه‌ى خۆى بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار كاندید ده‌كات ده‌بێت ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ى هه‌بێت: عێراقى بێت، دایك و باوكیشى عێراقى بن، ته‌مه‌نى 40 ساڵى ته‌واو كردبێت، رابردوویه‌كى پاكى هه‌بێت و دڵسۆز بێت، به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه بڕوانامه‌ى زانكۆى هه‌بێت، هه‌روه‌ها پێشینه‌ى تاوانى نه‌بێت، بڕیارى ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و داد نه‌یگرێته‌وه.
به‌پێى ده‌ستوورى عێراق سه‌رۆك كۆمار مانگێك دواى دانیشتنى یه‌كه‌مى په‌رله‌مان، هه‌ر له په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت، وێڕاى دووپاتكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پۆسته‌كه بۆ كورده، كه‌چى چه‌ندان كه‌سى تر خۆیان بۆ پۆسته‌كه كاندید كردووه، كه له پێكهاته‌كانى تر‌ى عێراقن. به‌ڵام وه‌ك چاودێران دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه، چانسى زۆربه‌یان كه‌مه، به‌ڵام “قه‌ره‌باڵغییان” دروست كردووه و هیچیان كاندیدى رژد نین.















Leave a Reply