راوێژكارێكی ئەردۆغان: ئەو پرۆسەیەی كە هەیە بۆ كۆتاهێنانە بە “تیرۆر” نەك چارەسەری پرسی كورد

بینەر: (1.5K)

گەورە راوێژكارێكی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رای دەگەیەنێت، ئەو پرۆسەیەی كە هەیە بۆ كۆتاهێنانە بە “تیرۆر” نەك چارەسەری پرسی كورد لەسەر بنەمای ناسنامە. دەشڵێت، كێشەی كورد لە توركیا بوونی نییە، ئەوەی هەیە ئیمپریالیست سەپاندوویەتی.

محەمەد ئوچوم گەورە راوێژكاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسێكدا رای گەیاند، دەوڵەتی توركیا وەك پرسێكی كورد مامەڵەی لەگەڵ ئەو پرۆسەیە ناكات، بەڵكو وەك كۆتاهێنان بە “تیرۆری سیستماتیك” مامەڵەی لەگەڵدا كردووە.

گوتیشی، ئەوانەی هەوڵ دەدەن ئامانجی “توركیایەكی بێ تیرۆر” بە چارەسەركردنی پرسی كوردەوە ببەستنەوە، بەدوای دانوستاندا دەگەڕێن لەسەر بنەمای مافی ناسنامە، یان ئەوەتا جیاوازییە بنەڕەتییەكە نابینن یان بە ئەنقەست تێكەڵی دەكەن.

محەمەد ئوچوم گوتیشی: ئیتر كێشەی كورد لە توركیادا نەماوە، كێشەی كورد كێشەیەكی دەرەكییە كە ئیمپریالیزم سەپاندوویەتی.

ئاماژەی بەوەش كرد: دەوڵەتی كوردی لە توركیا، توركیایە، سووریا دەوڵەتێكە بۆ كوردەكان، عێراق و ئێرانیش هەروا، بیرۆكەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بیرۆكەیەكی ئیمپریالیستییە كە ئیسرائیل پشتیوانیی دەكات، پرسی كورد لە توركیا یەكلا بووەتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە نەهێشتنی “تیرۆرە” لەلایەن توركیاوە.

بەبڕوای گەورە راوێژكارەكەی ئەردۆغان، دوای ئەوەی پرۆسەی راگوزەر بەرەو “توركیای بێ تیرۆر” تەواو بوو، هەلومەرجەكانی چارەسەری پرسی كوردی دەرەوەش كۆتایی دێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *