لە سووریا وێنەی سەدام لەگەڵ ئەردۆغان لە دەروازەی شار هەڵواسران

بینەر: (1.6K)

لە تەرتوسی سووریا وێنەیەكی سەدام حوسێن لەگەڵ ئەردۆغان ‌و ئەحمەد شەرع ‌و چەند سەرۆكی وڵاتانی كەنداو بەفەرمی لە دەروازەی شار هەڵكران، لە بەرانبەردا كاردانەوەی لێ كەوتەوە و پەرلەمانتارێكی كوردی باكوری كوردستان، پەیامێكی توندی ئاراستەی شەرع كرد و گوتی: “ئاوڕێك لە چارەنووسی سەدام بدەنەوە و تێبگەن”.

دوێنێ ساڵێك تێپەڕی بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا و لە زۆربەی شارەكانی ژێر كۆنترۆڵ‌ و دەسەڵاتی حكوومەتەكەی ئەحمەد شەرع، ئاهەنگ بەڕێوەچوو، لە شاری تەرتوس لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی ئەو ساڵیادە، وێنەی سەدام حوسێن ‌و ئەردۆغان هاوشان لەگەڵ ئەحمەد شەرع‌ و چەند سەرۆكێكی وڵاتانی كەنداو لە دەروازەی شارەكە جێگیر كران.

لەوبارەیەوە سری ساكیك پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی ‌و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕەخنەی توندی لە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا گرتووە لەسەر ئەو وێنانەی لەوڵاتەكەیدا بەرز كراونەتەوە.

ساكیك لە پەیامەكەیدا نووسیویەتی، “بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕزگاربوونی سووریا لە دەست ئەسەد، حكوومەتەكەی تەحریر شام بەسەرۆكایەتیی ئەحمەد شەرع پۆستەرێكی گەورەترین تاوانباری جینۆسایدی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵواسیوە و بەرز كردووەتەوە.

ئەوەشی گوتووە، تەنیا یەك وەڵامان هەیە بۆ شەرع ‌و دەسەڵات ‌و دەست و پێوەندەكەی ئەویش ئەوەیە، ئایا وێنەی سەدام وەك هەڕەشە بۆ ئێمە پێشان دەدەن؟، بەڵام بیرتان نەچێت، چاوێكی باش لە چارەنووسی سەدام بكەن”.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *