پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمەریکا رای گەیاند سەرەڕای ئەو هێرشانەی لە لایەن ئەمەریکا و ئیسرائیل کرانە سەر ئێران هێشتا ئەو وڵاتە بە مەترسییەکی رژد بۆ سەر رۆژهەڵاتی نێوەراست دادەنرێت.
ئەو لە کۆبوونەوەی رێبەرانی پیشەسازیی بەرگری کە لە واشنتن بەڕێوە چوو ئاماژەی دا هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر هەر سێ وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆ لە ژێر ناوی ”چەکوشی نیوەشەو” نموونەیەکی کلاسیکە لە جێبەجێکردنی تیۆریی واینبێرگێر.
ئەم تیۆرییە لە ساڵی 1984 سەری هەڵدا کە تایبەت بوو بە رێگیرکردنی ئەمەریکا لە چوونەناو ئەو جەنگانەی بە بێ پاڵپشتیی خەڵک دەکرێن.
وەزیری جەنگ وێڕای ئاماژەکردن بە هەڕەشەکانی رووسیا، ئێران و کۆریای باکور بە پێویستی زانی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا خۆیان بۆ هەر جۆرە مەترسی و هەڕەشەیەک ئامادە بکەن.
هێگسێت پێداگری لەوە کرد کە ئامانجی ئەمەریکا لە هێرشکردنەسەر ئێران لە میانەی جەنگی 12 رۆژەدا ئەوە بووە لە لایەک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمەریکا بپارێزێت و لە لایەکی تر وڵات نەخاتە جەنگێکی درێژخایەن.
جێی باسە جەنگی 12 رۆژە لە 13ی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستی پێ کرد کە بریتی بوو لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و لە چەند سەعاتێکدا دەیان فەرماندەی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی لەناو بران و زیانێکی زۆر بە سیستمی بەرگریی مووشەکی وڵاتەکە و ناوەندە سەربازییەکانی گەیشت.
لە 22ی مانگەکە ئەمەریکا هاتە نێو جەنگەکە و بە فڕۆکەی B2 وێستگە ەتۆمییەکانی ئێرانی لەناو برد و لە 24ی مانگەکە جەنگ کۆتایی پێ هات.
















Leave a Reply