مەزڵووم عەبدی: 2026 بۆ دواڕۆژی سیاسیی شەرع یەكلاكەرەوەیە

بینەر: (1.6K)

ساڵێك بەسەر رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا تێپەڕ دەبێت و تا ئێستە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا نەیتوانیوە بەسەر كێشە و پاشماوەی تەنگژە قووڵەكانی ئەو وڵاتەدا زاڵ ببێت، تا ئێستە هیچ كێشەیەكی ناوخۆیی پێ یەكلا نەكراوەتەوە، جیا لە باڵادەستیی وڵاتانی دەرەوە لەو وڵاتە، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە دووپاتی كردەوە كە 2026 بۆ دواڕۆژی سیاسیی شەرع یەكلاكەرەوە دەبێت.

عەبدی لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی “جۆرزالیم پۆست”ی ئیسرائیلی گوتی، تا ئێستە مەترسی داعش بەردەوامە و بەهۆی هێرشەكانی ئەو رێكخراوە لە رەقە و دێرزوور و ناوچەكانی تر كوژراو لە ریزی هەسەدە هەیە، ئێستە هەسەدە زیاتر لە 26 ناوەندی گرتن و سێ گرتووخانەی سەرەكی بەڕێوە دەبات كە 10 هەزار ئەندامی زۆر مەترسیداری داعش لەخۆ دەگرن.

روونی كردەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا رۆڵی خۆی لەو بارەوە دەگێڕێت، بەڵام دۆخەكە پێویستی لە پاڵپشتیی زیاتری سیاسیی كۆنگرێس هەیە، پێویستە پاڵپشتیی ئەمەریكا بۆ سووریا مەرجدار بێت نەك كراوە، پێویستە ژاو بە سزاكان و یاسای قەیسەر لە رێگەی میكانیزمی روون و دیار بخشێنرێت، سەرۆك ترەمپ دەیەوێ جارێكی تر سووریا گەورە و بە بەیاخ بێت، ئەوەش پێویست بە پاڵپشتیكردنی هەسەدە و یەكخستنی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و حكوومەتی نوێی سووریا دەكات.

عەبدی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد و دووپاتی كردەوە كە بواری كاری زیاتریان هەیە، ئاماژەی كرد كە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا بە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت كە گوشارە تەناهی و سیاسییەكان تێكهەڵكێشن، هەر لە كێشەی كەمپەكانی داعشەوە تا پرۆسەی یەكخستنەوەی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتی نوێی سووریا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *