محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆكى كاربه‌ڕێكه‌رى حكوومه‌تى عێراق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م راى گه‌یاند، له ماوه‌ى ئه‌مساڵدا له ئه‌نجامى كۆششه ته‌ناهى و هه‌واڵگرییه‌كان توانراوه ده‌ست به‌سه‌ر شه‌ش تۆن ماده‌ى هۆشبه‌ردا بگیرێت. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه، چه‌ندان تۆڕ و ئامانجى گرنگ هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه.
سوودانى له وتاره‌كه‌یدا كه له كۆنگره‌ى نێوده‌وڵه‌تیى سێیه‌مى به‌غدا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ماده هۆشبه‌ره‌كان پێشكه‌شى كرد، كه ماوه‌ى دوو رۆژ به به‌شداربوونى شاندى 12 وڵات به‌ڕێوه ده‌چێت، گوتی “حكوومه‌تى عێراق كارى كردووه بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى هاوكارى و هاوئاهه‌نگى به‌رز بكاته‌وه و به‌هێزى بكات، له‌گه‌ڵ گۆڕینه‌وه‌ى زانیارى و ئه‌زموون، واژووكردنى یاداشتى تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ وڵاتانى جۆراوجۆر، هه‌روه‌ها 33 خاڵى پێوه‌ندیى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌ت و رێكخراو كراوه‌ته‌وه. 11 یاداشتى لێكتێگه‌یشتن واژوو كراون، ئاڵوگۆڕى نامه‌ى فه‌رمى 345 دانه بووه، 1299 زانیارى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌وروبه‌ر ئاڵوگۆڕ كراوه”. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش باسى له‌وه كرد، له ئه‌نجامى ئه‌م كارانه ژماره‌یه‌ك تۆڕ هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه، چه‌ندان ئامانجى گرنگ له‌ناوبراون، چه‌ندان شوێنى دروستكردنى ماده‌ى هۆشبه‌ر ئاشكرا كراون، تا له كۆتایى به‌وه گه‌یشت، شه‌ش تۆن ماده‌ى هۆشبه‌ر ده‌ستى به‌سه‌ردا بگیرێت.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌رى، وه‌زیرى ناوخۆى عێراق له كۆنگره‌كه گوتى، “عێراق سه‌ركه‌وتوو بووه له بنیاتنانى سیستمێكى ته‌ناهیى پێشكه‌وتوو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ماده‌ى هۆشبه‌ر، ئه‌و كاره‌ساته بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌ودیو سنووره‌كانه‌وه دێن”. هه‌روه‌ها له كۆنگره‌كه محه‌مه‌د عه‌لى كومان، سكرتێرى گشتیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى ناوخۆى عه‌ره‌ب له وته‌كه‌یدا باسى له‌وه كرد، عێراق سووره له هاوكاریكردن له بوارى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ماده‌ى هۆشبه‌ر، هاوكارى نێوده‌وڵه‌تیشى له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق به‌رز نرخاند.
ده‌سه‌ڵاتى چاودێرى له عێراق له ناوه‌ڕاستى مانگى رابردوودا رای گه‌یاند، توانیویانه نزیكه‌ى پێنج تۆن ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌ناوبه‌رن، ئه‌مه له ئه‌نجامى 34 ئۆپراسیۆن كه له سه‌ره‌تاى 2025 ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه. به‌گوێره‌ى ئاماره‌كان ساڵانه به هه‌زاران ئالووده‌بوو له عێراق تۆمار ده‌كرێن، سه‌ره‌ڕاى به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر دۆسیه‌ى ماده‌ى هۆشبه‌ر راگیراون، كه زۆرێكیان له نه‌وجه‌وانانن. ئه‌گه‌رچى پێشتر عێراق وه‌ك وڵاتێك سه‌یر ده‌كرا كه ماده‌ى هۆشبه‌رى تێدا تێده‌په‌ڕێت، كه‌چى ئێسته به‌گوێره‌ى داتاكان ده‌ركه‌وتووه بووه‌ته بازاڕ و ناوه‌ندێكى گه‌وره‌ى به‌كارهێنان، ئه‌مه‌یش به‌هۆى لاوازى سنووره‌كان و زیادبوونى بێكارى و هه‌ژاری له عێراقدا.
















Leave a Reply