بەغدا لە پێشەنگی شارەكانی دنیایە لە پیسبوون

بینەر: (1.1K)

پایەتەختی هەر وڵاتێك ئاوێنەی گەشەسەندنی شارستانیی وڵاتەكە و دۆخ و گوزەران و بژێویی هاووڵاتییانی و ئاستی خزمەتگەزارییەكانە، كەچی بەغدای پایەتەختی عێراق لە سایەی ئەو پاشاگەردانییەی هەیە، لە پیسبوون پێشەنگی شارەكانی دنیایە، ئەوەش بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ پاكی و باشیی ئاووهەوا بۆ ژیان.

بەپێی داتا تۆماركراوەكان، تێكڕای باشیی هەوا لە بەغدا 424 پلەیە، لەوكاتەی ئەگەر پلەكە لە 200 زیاتر بێت، ئەو شوێنە وەك ئەوپەڕی ناتەندروست لەقەڵەم دەدرێت، لەگەڵ تۆماركردنی چڕیەكی بەرزی (PM2.5)، كە زۆر مەترسیدارە بۆ تەندروستیی گشتی، ئەو زیادبوونە زۆرەی پیسبوونی بەغدا بۆ خۆڵ و نەبوونی با و هەندێك هۆكاری تر دەگەڕێتەوە، ئەوەش وای كردووە بەغدا لە چوارچێوەی ئەو شارانە بێت كە زیاترین پیسبوونیان هەیە.

لەوكاتەی ماوەی چەند رۆژێكە ئاوهەوای بەغدای پایەتەخت بە دۆخێكی خراپدا تێپەڕ دەبێت بەهۆی بەردەوامیی خۆل و بۆنی كبریت و مادەی سووتاوی سەرچاوە نەناسراو، ئەوانە كێشەی گەورەیان لە كۆئەندامی هەناسەی دانیشتووانی شارەكە دروست كردووە، جیا لە زیادكردنی نەخۆشییەكانی دڵ و لاوازی لە فەرمانی سییەكان، بەتایبەتی لە منداڵان و كەسانی بەتەمەن و تووشبووان بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان.

سادق عەتییە پێشبینیكاری كەشناسی دەڵێت، كەمبوونەوەی پاكی و باشیی هەوای بەغدا بۆ كۆمەڵێك هۆكاری ئاوهەوا و ژینگەیی دەگەڕێتەوە، لەوانە وەستانی با و سووتانی هەرەمەكیی خاشاك لە دەوروبەری شارەكە و هەندێك ناوچەی كشتوكاڵی، هەروەها كارگە هەرەمەكییەكان كە بڕێكی زۆری تەنۆڵكەی وردی (PM2.5) دەردەكەن، جیا لە زۆری چڕیی دانیشتووان و ژمارەی ئۆتۆمۆبێل و دووكەڵە زیانبەخشەكانیان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *