دوێنێ ئیسرائیل گورزێكی تری كاریگەری لە حزبوڵا و بەرەی موقاوەمەت و ئێران دا، سەركردەی كردەنیی حزبوڵا و سوپاسالاری حزبەكەی لە باشووری بەیرووت، مۆڵگەی سەرەكیی حزبوڵا كوشت، بەوەش سەلماندی كە هێشتا دەستی بە سەركردە نوێكانی حزبوڵا دەگات، بەڵام كێ شوێنی تەباتەبائی دەگرێتەوە؟
دوای كوژرانی هەیسەم تەباتەبائی سوپاسالاری حزبوڵا، حزبەكە یان ئێران بەرەو كەسایەتییەكی تری باڵا و بەهێز و كاریگەر و نەناسراو بۆ ئەو پۆستە دیاری دەكەن، رۆژنامەی “ئیسرائیل هیوم”، لە راپۆرتێكدا ئاماژە بۆ چەند ناوێك بۆ شوێنگرتنەوە تەباتەبائی ئاشكرا دەكات ئەوانیش:
*محەمەد حەیدەر (ئەبو عەلی 66 ساڵ)، وەك خەمڵاندنی ئیسرائیل زیاترین چانسی هەیە، ئەمەریكا وەك راوێژكاری سەربازیی حزبوڵا دەیناسێنێت، پێشتر لە هەوڵی كوشتن رزگاری بووە و بە پلاندانەری ستراتیجیی تەناهیی حزبوڵا دادەنرێت، پێشتر لە 2005 بۆ 2009 پەرلەمانتار بووە، لە دوای كوژرانی عیماد موغەنیە لە 2008 و مستەفا بەدرەدین لە 2016 زۆر هاتووەتە پێشەوە.
*تەڵاڵ حەمیە( عیسمەت مەزارانی)، سەرۆكی یەكەی 910 و بەرپرس لە ئۆپراسیۆنە دەرەكییەكانی حزبوڵایە، ئەمەریكا تا حەوت ملیۆن دۆلاری بۆ گرتنی داناوە، لە دامەزرێنەرەكانی حزبوڵایە و بەهۆی دەرنەكەوتنی ناسناوی “تارمایی” هەیە.
*ئەگەری هەیە یەكێك لە فەرماندە مەیدانییە ناوخۆییە لبنانییەكان وەك فەرماندەی یەكەكانی عەزیز و ناسر لە باشوور و یەكەی بەدر لە نێوان رووباری لیتانی و سەیدا بۆ پۆستەكە دیاری بكرێن.
*خدر یووسف نادر، سەرۆكی یەكەی 900، كە یەكەیەكی تەناهییە و هاوشێوەی دەزگای سیخوڕیی ناوخۆییە لە حزبوڵا، ئەركی ئەو ئاشكراكردنی سیخوڕی و چاودێریكردنی سیاستەوانان و لایەنە بیانییەكانە لە لبنان.
*ئەگەری زۆر هەیە ئێران بێتە ناو بابەتەكەوە و كەسایەتییەكی فەیلەقی قودس بەشێوەیەكی كاتی بۆ شوێنی تەباتەبائی دیاری بكات، پێشتریش بۆ سەرپەرشتیكردنی شەڕەكانی دوایی فەرماندەكانی ئەو هێزەی رەوانەی لبنان كردووە و یەكێكیان لەپاڵ نەسروڵا لە بەیرووت كوژرا.
















Leave a Reply